ڤیدیۆ؛ جۆکۆڤیچ بۆ جاری سێیەم بووە پاڵەوانی سێنسیناتی

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر لەدەستدانی نازناوی تێنسی ویمبڵدن، جارێکی دیکە نۆڤاک جۆکۆڤیچ رووبەڕووی کارلۆس ئەلکارازی تێنسی لاوی ئیسپانی بووەوە، ئەمجارە لە ئەمریکا و لە یاریی کۆتایی تێنسی سینسیناتی.
 
کۆمەڵەی یەکەمی رکابەرییەکە هەردوو تێنسزان لە بەرزترین ئاستدا دەرکەوتن، دوای رکابەرییەکی زۆر ئەلکاراز 7-5 پێشکەوت.
 
کۆمەڵەی دووەمیش هەر بە هەمان شێوە بوو، بەڵام جۆکۆڤیچ ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و 7-6 ئەو کۆمەڵەیەی بردەوە.
 
یارییەکە چووە قۆناخێکی هەستیار، جۆکۆڤیچ چەند هەلێکی بۆ رەخسا بۆ ئەوەی یارییەکە یەکلابکاتەوە، بەڵام کارلۆس هەر دوای دەخست، تاوەکو یارییەکە چووە تای برێک و نۆلێ بە 7-6 کۆمەڵەی سێیەمی بردەوە و لە دوای رکابەرییەکی ماراسۆنی و درێژ بە 3 کاژێر و 49 خولەک رکابەریکردن نازناوەکەی بەدەستهێنا.
 
جۆکۆڤیچ لە خۆشی بردنەوەی نازناوەکەدا درێسەکەی دڕاند و شێتانە ئاهەنگی گێڕا، دوای ئەوەش باوەشی بە جامی پاڵەوانێتییەکەدا کرد.
 
ئەمە سێیەمجارە جۆکۆڤیچ نازناوی سێنسیناتی دەباتەوە و ژمارەی نازناوەکانی لە کاروانی یارییکردنیدا گەیاندە 95 نازناو.