لیڤاندۆڤسکی دەیەوێت لە کەتەلۆنیا جێگەی مێسی بگرێتەوە

21-08-2022
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ​ رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لیۆنێل مێسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، ساڵانی درەوشانەوە و دەرکەوتن و بردنەوەی نازناوەکانی لەگەڵ میونشندا، بە ئاڵنگاری نوێ و هەوڵدان بۆ خۆ سەلماندنی زیاتر لەگەڵ کەتەلۆنیا گۆڕییەوە.
 
ئەو کە ئەستێرەی یەکەمی بایرن و گۆڵکەری یانەکە و خۆشەویستی هاندەرانی هەرێمی باڤاریا بوو، هات و گوتی من دەمەوێ بیسەلمێنم تواناکانم بێسنوورن، ویستەکانم بۆ کۆتایی و خەونەکانم بێ بنمیچن، ئیدی هات بۆ ئەوەی شەڕ لەسەر بەدەستهێنانی دڵی هاندەرانی هەرێمی کەتەلۆنیا بکات.
 
هەموو هاندەرێکی بارسا، بەهاتنی لیڤا دڵخۆشە. هەموو هاندەرێکی ئەو یانەیە لە چاوەکانی ئەودا، سەرکەوتن، بردنەوە، نازناو و دەستکەوت دەبینێتەوە.. خۆیشی هەمان ئامانجی هەیە، دەیەوێ بەهەمووان بڵێ ئەوە تەنیا بوندێسلیگا نییە کە منی تێدا دەردەکەوم و ئەوە تەنیا بایرن نییە کە منی تێدا دەبمە گۆڵکار، بەڵکو هاتووم هەڕەشە لە گۆڵکارەکانی لالیگا بکەم، هاتووم و پێشانی بدەم، ئەو جادووەی من هەمە، لەوە زیاترە کە هەمووان بیری لێدەکەنەوە.
 
لیڤاندۆڤسکی بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە هاتووە کە رۆیشتنی مێسی وەک کەلێنێکی گەورە و وەک برینێکی ساڕێژنەبوو لە دڵی کەتەلۆنییەکاندا بەجێماوە، ئەو وەک برسییەک بۆ خۆشەویستی هاتووەتە بەرامبەر ئەو هەموو هاندەرەی لەو برسیترن بۆ خۆشەویستی، بەڵام نیگاکانی یەکەمی نێوان ئەو دووانە، تۆمەتبارەکان تێکیدەدەن.
 
لیڤاندۆڤسکی لە یەکەمین نیگاکانیدا لەگەڵ هاندەرانی بارسا، لە کاتێکدا دەیویست بەوان بڵێت من دەرگای ئۆتۆمبێلەکەم و ماڵەکەشم لەبەردەم خۆشەویستی ئێوەدا دەکەمەوە، تووشی شۆکبوو، لە کاتێکدا ئەو سەرقاڵی وێنەگرتن بوو لەگەڵ هاندەرەکانی یانەکەدا، تاوانبارەکان هاتن و کاتژمێرێکی بەبەهایان لێدزی، رووداوێک بۆ لیڤا پێشبینینەکراوبوو، بۆ ئەو شۆکێک بوو، چونکە ئەو هاتبوو خۆشەویستی بچنێتەوە نەک پەلاماردان، ریز بچنێتەوە نەک خافڵگیرکردن.
 
رووداوەکە لای لیڤا کەمێک پرسیاری دروستکرد، بەڵام خۆشبەختیی کەتەلۆنییەکان لەوەدا بوو، پۆلیس هەرزوو تۆمەتبارەکانی دەستگیرکرد، ئەوان لە کاتێکدا سەرقاڵی دەرهێنانی کاتژمێرە دزراوەکەی لیڤابوون لە ژێر دارێکدا کە پێشتر لەنزیکیدا ژێرخاکیان خستبوو، پۆلیس گەیشتە سەریان و پەلبەستی کردن و کاتژمێرەکەش کە خۆشەویستییەکی تایبەتی لە دڵی لیڤادا هەیە، بۆ خاوەنەکەی گەڕێنرایەوە.
 
ئەوە یەکەمجار نییە یاریزانان رووبەڕووی دزی لێکردن دەبنەوە، بەڵام رووداوەکە لەسەرەتاکانی هاتنی لیڤا بۆ کەتەلۆنیا و لەسەرەتای هەنگاوەکانی ئەو لەسەر خاکی هەرێمەکەدا لەوانەیە کاریگەریی لە دەروونی رۆبێرتدا دروست بکەن و ئەو متمانە گەورەیەی ئەو بە دۆخە نوێیەکەی خۆی هەیە، کەمێک گومانیان بکەوێتە سەر، چونکە ئەو هاتووە بۆئەوەی زۆرترین خۆشەویستی لەلایەن خەڵکەوە بەدەست بهێنێت، نەک خۆشەویسترین کەلوپەلەکانی لێ بدزن.. ئەو رووداوە دەکرێ بەئاسانی لە مێشک و دەروونی لیڤا، نەیەنە دەرەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە