تۆرێس ده‌یه‌وێ له‌ دوایین یاری خۆیدا دوایین گۆڵی تۆماربكات

رووداو ـ هه‌ولێر

فێرناندۆ تۆرێس، هێرشبه‌ری ئیسپانی، هیوای خواست له‌ دوایین یاری كاروانی وه‌رزشی خۆیدا گۆڵێك تۆمار بكات.

رۆژى هه‌ینی داهاتوو، تۆرێس له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی ساگات تۆسۆی ژاپۆنی دوایین یاری خۆی له‌ به‌رامبه‌ر یانه‌ی ڤیسێل كۆبی ئه‌نجام ده‌دات.

تۆرێسی ته‌مه‌ن 35 ساڵان، كه‌ له‌ ته‌مووزی 2018دا په‌یوه‌ندی به‌ ریزه‌كانی یانه‌ی ساگات تۆسۆ كردووه‌، له‌ حوزه‌یرانی رابردوودا بڕیاریداوه‌ یاری یانه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر ڤیسێل كۆبی له‌ خولی ژاپۆنیدا دوایین یاری خۆی بێت، كه‌ له‌و یارییه‌دا به‌یه‌كجاری واز له‌ یاریكردن ده‌هێنێت.

تۆرێس، كه‌ له‌ ئیسپانیا به‌ نینۆ ناوده‌برێت، له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا نازناوی مۆندیالی 2010 و هه‌ردوو یۆرۆی 2008 و 2012ی به‌ده‌ستهێناوه‌.

تۆرێس له‌ ماوه‌ی 18 ساڵدا یاری بۆ یانه‌كانی ئاتلێتیكۆ مه‌درید، لیڤه‌رپوول، چێڵسی، میلان و ساگات تۆسۆ كردووه‌ و 262 گۆڵی تۆماركردووه‌.

تۆرێس له‌و باره‌وه‌ گوتی "به‌درێژایی 18 ساڵ چێژم له‌ تۆپی پێ وه‌رگرتووه‌، نازناوی زۆرم به‌ده‌ستهێناوه‌، رێزی جیهانی تۆپی پێم به‌ده‌ستهێناوه‌، ئه‌وه‌ گرنگترین شته‌ بۆ من. ته‌نیا یه‌ك یاریم ماوه‌، هه‌وڵده‌ده‌م تاوه‌كو دوایین خوله‌كی چێژ وه‌ربگرم. هیوادارم 3 خاڵی یارییه‌كه‌ به‌ده‌ستبهێنین، حه‌زده‌كه‌م له‌م یارییه‌دا گۆڵێك تۆمار بكه‌م و دڵی هانده‌رانمان خۆش بكه‌م".