كوڕه‌كه‌ی سیمیۆنی: باوكم گوتی بڕۆ بۆ فیۆرێنتینا


رووداو – هه‌ولێر

جیۆڤانی سیمیۆنی، هێرشبه‌ری ئه‌رجه‌نتینی و كوڕی دیێگۆ سیمیۆنی راهێنه‌ر، رایگه‌یاند باوكی ئامۆژگاریکردووە‌ په‌یوه‌ندیی به‌ یانه‌ی فیۆرێنتنیاوە بکات و ئاشكراشیكرد، ده‌یه‌وێت ببێته‌ باتێستۆتای نوێ.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ جیۆڤانی سیمیۆنی به‌ فه‌رمی بووه‌ یاریزانی یانه‌ی فیۆرێنتینای ئیتاڵی و له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌ڤانیدا به‌ مێدیاكان ناسێندرا.
جیۆڤانی رایگه‌یاند ده‌یه‌وێت ببێته‌ یاریزانێكی گه‌وره‌ له‌ ریزه‌كانی یانه‌ی فیۆرێنتینا.

 

ئاشكراشیكرد، باوكی ئامۆژگاری كردووه‌ بچێته‌ فیۆرێنتینا و به‌ رێككه‌وتنی نێوان هه‌ردووكیان بووه‌، گوتیشی: "باوكم به‌ شایسته‌یی باسی ئه‌و یانه‌یه‌ی كرد".

كوڕه‌كه‌ی سیمیۆنی باسی ئه‌و یاریزانه‌ ئه‌رجه‌نتینیانه‌ی كرد، كه‌ پیشتر له‌ فیۆلا یارییان كردووه‌ و بوونه‌ته‌ ئه‌ستێره‌ی گه‌وره‌ و له‌مباره‌یه‌وه‌ گوتی: "پێویسته‌ خۆم ماندووبكه‌م و هاوڕێیه‌ نوێیه‌كانم بناسم، ده‌زانم توانای ئه‌وه‌م هه‌یه‌ ببمه‌ یاریزانێكی گه‌وره‌".

جیۆڤانی سه‌رسامیی خۆی به‌ یاریزانی پێشووی ئه‌رجه‌نتین و فیۆرێنتینا گابریێل باتێستۆتا ده‌ربڕی، كه‌ له‌ 1991 تاوه‌كو 2000 توانی 207 گۆڵ بۆ ئه‌و یانه‌یه‌ تۆماربكات و كوڕه‌كه‌ی سیمیۆنییش ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ده‌یه‌وێت هه‌وڵبدات وه‌كو ئه‌و بێت و ببێته‌ باتێستۆتای نوێ.

ئاشكراشیكرد: "ئه‌وكاته‌ی له‌ ئه‌رجه‌نتین یاریم ده‌كرد، باوكی هه‌میشه‌ به‌ ئه‌رێنی باسی تۆپی پێی ئیتاڵیای بۆ ده‌كردم، ئه‌وكاته‌شی كه‌ گرێبه‌سته‌كه‌م له‌گه‌ڵ فیۆرێنتینا واژووكرد، باوكم پێیگوتم فیۆلا تیپێكی باشه‌".

دیێگۆ سیمیۆنی

جیۆڤانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كاتێك وه‌رزی رابردوو له‌ یانه‌ی جێنه‌وا یاریی ده‌كرد، وایكرد فێربێت چۆن ململانێ بكات، هیوای ئه‌وه‌شی خواست بتوانێت له‌ وه‌رزی رابردوو گۆڵی زیاتر تۆمار بكات.

جیۆڤانی سیمیۆنی، کە وه‌رزی رابردوو 12 گۆڵی تۆماركرد، گرێبەستەکەی بۆ ماوەی پێنج وەرزە لەگەڵ فیۆرێنتینا و بەهاکەی 18 ملیۆن یۆرۆیە.


باتێستۆتا بە درێسی فیۆرێنتینا