بارسێلۆنا دەستەوارەیەکی بۆ ئەستێرەیەکی یۆرۆ ئامادەکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی یۆرۆی 2024 دەستپێکردووە و دەیەوێت لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا یاریزانەکە بباتە ریزەکانی.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، یانەی بارسێلۆنا دەستەوارەیەکی بۆ گواستنەوەی دانی ئۆلمۆ، ئەستێرەی ئیسپانی و یانەی لایپزیگ ئامادەکردووە، بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا بە گواستنەوەی یاریزانەکە تیپەکەی بەهێزتربکات.
 
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی دەڵێت "بارسێلۆنا دەستەوارەکەی لە 50 ملیۆن یۆرۆ و چەند گۆڕانکارییەک پێکهاتووە کە بەندە بە ئاستی ئەو یاریزانە کە لەگەڵ یانەکە پێشکێشیدەکات."
 
مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی دانی ئۆلمۆ لەگەڵ یانەی لایپزیگ 60 ملیۆن یۆرۆیە، تاوەکو ئێستا هیچ یانەیەک ئامادەنییە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی جێبەجێبکات.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئەڵمانیا، یانەی لایپزیگ ئامادەیە دەستبەرداری ئۆلمۆ ببێت، ئەگەر یاریزانەکە بیەوێت لەو یانەیە بڕوات.
 
دانی ئۆلمۆ، تەمەنی 26 ساڵە و گرێبەستی ئێستای لەگەڵ یانەی لایپزیگ لە ساڵی 2027 کۆتاییدێت و ساڵی رابردوو گرێبەستەکەی نوێکراوەتەوە.
 
ئۆلمۆ دوای ئەوەی پێدری تووشی پێکانبوو، لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا بووە یاریزانی سەرەکی و لە رکابەرییەکانی یۆرۆی 2024 لە 6 یارییدا 3 گۆڵی تۆمارکرد و 2 ئاسیستی کرد، یەکێک بوو لە گۆڵکارەکانی پاڵەوانێتییەکە.