لە ماوەی نۆ ساڵدا بارسێلۆنا 613 ملیۆنی لە کڕین و فرۆشتنی یاریزاناندا زیان بەرکەوتووە


رووداو دیجیتاڵ

یانەی لیلی فەرەنسی لە دە ساڵی رابردوودا، سەرچاوەیەکی گەورەی داهات و پارەپەیداکردنی بۆخۆی دۆزیوەتەوە لە رێگەی فرۆشتنی یاریزانانەوە. بەپێچەوانەوە یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، خراپترین یانەی جیهان بووە لە مامەڵەکردن بەکڕین و فرۆشتنی یاریزانانەوە.
 
لە ساڵانی 2014 تاوەکو 2023 یانەی لیل پێشەنگی سەرجەم یانەکانی جیهانی گرتووە لە بەدەستهێنانی پارە لە رێگەی فرۆشتنی ئەو یاریزانانەی لە ئەکادیمیای یانەکەوە دەرنەچوون.
 
سەنتەری نێودەوڵەتیی توێژینەوە وەرزشییەکانی تۆپی پێ، ناوی ئەو یانانەی ئاشکراکردووە کە داهاتی گەورەیان لە دەستەوارەی فرۆشتنی ئەو یاریزانانەدا هەبووە کە دەرچووی ئەکادیمیاکانیان نین. بەپێی سەنتەرەکە یانەی لیل باڵادەستە بەسەر هەموو یانەکاندا و کۆی داهاتی لەو پرۆسەیەدا 386 ملیۆن یۆرۆ بووە.
 
یانەی لیل ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی تەنیا شەش یاریزاندا بەدەستهێناوە کە پێشتر بەنرخی هەرزان کڕیونی و دواتر بە گرانیی فرۆشتوونیەتەوە. دوایین یاریزان لەو چوارچێوەیەدا، لینی یۆرۆی بەرگریکەر بوو کە لە رۆژانی رابردوودا پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزییەوە کرد.
 
یانەی لیل لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، نیکۆلاس پیپێی کۆتدیڤواری بە 18 ملیۆن لە یانەی ئانژێ کڕی و دواتر بە 80 ملیۆن بە ئارسیناڵی ئینگلیزی فرۆشت.
 
یانەکە هەروەها زیاتر لە 55 ملیۆن یۆرۆی لە فرۆشتنی ڤیکتۆر ئۆسیمین بە ناپۆلی بەرامبەر 75 ملیۆن یۆرۆ قازانج کرد.
 
یانەی لیل هەروەها کۆی 29 ملیۆن یۆرۆی لە فرۆشتنی رافایێل لیاو بە یانەی میلانی ئیتاڵی دەستکەوت، لە کاتێکدا ئەو یاریزانەی بە تەنیا 20 ملیۆن لە یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنا کڕیبوو.
 
بازرگانییە قازانج بەخشەکەی لیل بەردەوامبوو، کاتێک گرێبەستی لەگەڵ سڤین بوتمانی هۆڵەندی کرد بەرامبەر هەشت ملیۆن یۆرۆ لە ئەیاکس و دواتر فرۆشتییەوە بەنیوکاسڵ بەرامبەر 37 ملیۆن یۆرۆ.
 
لیل زۆرترین داهاتی لە فرۆشتنی دوو یاریزاندا بەدەستهێناوە کە بریتی بوون لە ئیدین هازارد بەچێڵسی و لینی یۆرۆ بە مانچێستەر یونایتد. کۆی پارەی بەدەستهاتووی یانەکە لەو دوو یاریزانە 97 ملیۆن یۆرۆ بوو، لە کاتێکدا یانەکە بۆ کڕینیان یەک فلسی خەرجنەکردبوو.
 
لە قازانجی نێوان کڕین و فرۆشتندا، یانەی لیل پێشەنگی جیهانی گرتووە بەبەدەستهێنانی کۆی 317 ملیۆن یۆرۆ بەپێی هەمان سەنتەری لێکۆڵینەوەی وەرزشیی و رێدبۆڵ سالزبۆرگی ئەڵمانی 233 ملیۆن یۆرۆی قازانج هەبووە و مۆناکۆی فەرەنسی 2018 ملیۆن یۆرۆی بەدەستهێناوە و لایپزیگی ئەڵمانی کۆی 2016 ملیۆنی بەدەستهێناوە.
 
یانەی ساسولۆی ئیتاڵی لە پلەی پێنجەمدایە و 208 ملیۆن یۆرۆ قازانجی هەبووە لە نێوان کڕین و فرۆشتنی یاریزاناندا، لە کاتێکدا بێنفیکا قازانجەکەی 200 ملیۆن بووە، ئاتاڵانتا 200 ملیۆن، ئاینتراخت فرانکفۆرت 182 ملیۆن و سپۆرتینگ لیسبۆنا لە هەمان ماوەی نێوان 2014 تاوەکو 2023 کۆی قازانجی 169 ملیۆن یۆرۆ بووە.
 
ئەو یانانەی سەرەوە زانیویانە چۆن ستراتیژییانە کاربکەن، بەڵام هەندێک یانە بەپێچەوانەوە، زیانەکانیان زۆر زیاتر بووە لە قازانجەکانیان.
 
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی پێشەنگی خاوەن زۆرترین زیانە لە هەمان ماوەی نێوان 2014 تاوەکو 2023 لە کڕین و فرۆشتنی یاریزانان و کۆی 631 ملیۆن یۆرۆ زیانی کردووە، لە کاتێکدا چێڵسی ئینگلیزی لە پلەی دووەمە و 483 ملیۆن زیانی کردووە. لە کاتێکدا زیانەکانی ئارسیناڵ 436 ملیۆن یۆرۆ بووە.
 
یانەی بارسێلۆنا زیاتر لە یەک ملیار و دووسەد ملیۆن یۆرۆی لە کڕینی یاریزاناندا خەرجکردووە، لە بەرامبەر 613 ملیۆن داهاتی فرۆشتنی یاریزانان، لە کۆی گشتیدا یانە کەتەلۆنییەکە زیانەکەی 613 ملیۆن یۆرۆ بووە.