خۆسێلۆ: هاوەڵزاواکەم شایستەی باڵۆن دۆرە

رووداو دیجیتاڵ

 

خۆسێلۆ، یاریزانی پێشووی یانەی ریال مەدرید, رایدەگەیەنێت کە وای دەبینێت دانی کارڤاخال شایستەترین یاریزان بێت بۆ بەدەستهێنانی باڵۆن دۆر، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو دوو یاریزانە لە یانەی ریال مەدرید و هەڵبژاردەی ئیسپانیا وەرزێکی مێژووییان بەڕێکرد و چەندین نازناوی گەورەیان بەدەستهێنا.
 
جگە لەوەی کارڤاخال و خۆسێلۆ لە ریال مەدرید و ئیسپانیا بەیەکەوە یاری دەکەن، ئەو دوو یاریزانە هاوەڵزاوای یەکن و هاوژینەکانیان دووانەن.
 
کارڤاخال لەم وەرزەدا لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لەسەر ئاستی ناوخۆ توانی نازناوی خولی ئیسپانی و سوپەری ئیسپانیا بباتەوە، لەسەر ئاستی کیشوەریشدا توانی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەدەستبێنێت و رۆڵێکی گرنگی لەو نازناوە هەبێت، بەتایبەت دوای تۆمارکردنی گۆڵی یەکەمی یانەکە لە یاریی کۆتاییدا بەرامبەر یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی.
 
جگە لەوانەش، دانی کارڤاخال وەک باشترین بەرگریکاری باڵی راست لە پێکهاتەی نموونەیی چامپیۆنزلیگی 2023/2024دا بوو.
 
کارڤاخال لەگەڵ هەڵبژاردەکەی توانی رۆڵێکی تایبەتی هەبێت لە بەدەستهێنانی یۆرۆی 2024 و بردنەوەی چوارەم نازناوی یۆرۆ بۆ ئیسپانیا لە مێژوودا.
 
ئەرکی دەنگدەرانی باڵۆن دۆری ئەمساڵ قورس دەبێت بۆ هەڵبژاردنی باشترین یاریزانی ساڵ، بەتایبەت دوای بردنەوەی یۆرۆ لەلایەن هەڵبژاردەی ئیسپانیاوە، هەریەکە لە بێلینگهام، ڤینیسیۆس، رۆدری و کارڤاخال کێبڕکێ دەکەن بۆ گەیشتن بە باڵۆندۆر وەک خەڵاتێک بۆ ئەو وەرزە بەهێزەی کە پێشکەشیان کرد.