سەرهەنگ موحسین بۆ رووداو " من زوڵم لێکراوترین وەرزشوانی عێراقم "


رووداو دیجیتاڵ

سەرهەنگ موحسین، ئەستێرەی دیاری تۆپی پێی کوردستان و عێراق لە رێگەی رووداوەوە دەڵێت " من ستەم لێکراوترین یاریزانم لە مێژووی عێراقدا ".

سەرهەنگ موحسین، گۆڵپارێزی کوردی یانەی ئەمانە بەغدا، سەرەڕای ئەوەی تەمەنیشی بەرەو هەڵکشانە، بەڵام ئەو یەکێکە لەو یاریزانانەی لە وەرزی رابردووی خولی عێراقدا ئاستێکی نموونەیی پێشکێشکرد و هۆکارێکی گەورەی بەدەستهێنانی ئەنجامە باشەکانی یانەی ئەمانە بەغدا بوو.

سەرهەنگ ریکۆردێکی نوێی لە خولی عێراقدا تۆمارکرد و 15 کلین شیتی لە خولەکەدا هەبووە، ئەمەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

دوای ئەم ئاستە بەرزە هاندەرانی سەرهەنگ چاوەڕێن گۆڵپارێزە کوردەکە لە هەڵبژاردەی عێراق ببینن.

تۆڕی میدیایی رووداو هەڤپەیڤینێکی تایبەتی لەگەڵ سەرهەنگ موحسین ئەنجامدا کە لەلایەن سامان وڵاتژێرییەوە پێشکێشکرا.

رووداو: بەخێربێیت بۆ رووداو، سەرەتا لەوەوە دەستپێدەکەم، هۆکاری ئەم ئاستبەرزییەی ئەم وەرزەی سەرهەنگ موحسین لە خولی عێراقدا چی بوو؟

سەرهەنگ موحسین: " زۆر سوپاس، سوپاس بۆ ئێوە، سڵاو بۆ بینەرانی رووداو، وەرزێکی پڕ لە ئاڵنگاری بوو بۆ من لەگەڵ یانەی ئەمانەی بەغدا، زیاتر لەوەی چاوەڕێمدەکرد روویدا، سوپاس بۆ خوا رازیم لە تەواوی ساڵەکە، لە هەموو ئەو یارییانە و ئەو مامەڵە دروستەی راگەیاندنی ئەوێ و ئێرە و هاندەران یانیش دەستەی کارگێڕیی یانەکە لەگەڵ منیان کرد ".

رووداو: ئەوەی کە روویدا، بۆچی چاوەڕێت نەدەکرد؟ تۆ چاوەڕێت نەدەکرد ئەو ئاستە پێشکێشبکەیت، یانیش ئەمانەی بەغدا ئەو ئەنجامانە بەدەستبهێنێت؟

سەرهەنگ موحسین: " نا من پێموابێت، بارودۆخە وەرزشییەکە بەهەمان شێوەیە، دیسان دەبێت مامەڵە لەگەڵ بارودۆخێکی ناتەندروستی وەرزشی بکەیت بۆ ئەوەی درێژە بە ژیانی وەرزشی بدەیت، بەڵام کە چوومە ئەوێ شتەکان زۆر جیاوازبوون، بازنەیەکی فراوان هەیە بۆ ئەوەی یارییەکان و مەشقەکانت بکەیت، بەتایبەتیش لە رووی دەروونییەوە کە ئەوە لەسەرووی توانای جەستەییەوەیە بۆ یاریزان، سوپاس بۆ خوا ئەوە هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ ئەوەی بە ئارامییەوە یاریی بکەم ".

رووداو: لە خولی عێراقدا ئەمانەی بەغدا پلەی حەوتەمی بەدەستهێنا، ئەمە خواستی یانەکە بوو، ئەنجامێکی باشە بۆ یانەکەتان؟

سەرهەنگ موحسین: " لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی راهێنەر لەگەڵ یاریزانان کاپتن حوسام، راهێنەری یانەکە پێیگوتین، یانەکە تەنیا داوای مانەوەی لە خولەکەدا لە من کردووە و دانەبەزین، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئێمە رکابەریمان لەسەر پێنج تیپی یەکەم بین، ئەو ئەنجامانەی بەدەستمانهێناون بۆ کارگێڕیی یانەکە زۆرباشە، هەر ئەوەشە پاڵی بە یانەکەوە ناوە بۆ ئەوەی بۆ وەرزی داهاتوو یاریزانی نوێ بگوازنەوە و رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە بکەن ".

رووداو: 15 کلین شیت لە خولی عێراقدا بۆ گۆڵپارێزێک ژمارەیەکی کەم نییە، ئەمە بۆ سەرهەنگ موحسین چ مانایەکی هەیە؟

سەرهەنگ موحسین: " مەسەلەی گۆڵخاوێنی یەکێکە لە ئامانجەکانی من، لەسەرەتای دەستپێکردنی هەر خولێک بەدرێژایی وەرزشی من، ئیدی چەندین شت هەیە دەتەوێت لەو ساڵەدا بەدەستیانبهێنیت، مەسەلەی کلین شیتەکە بەدرێژایی ژیانی وەرزشیم لەگەڵم بووە، هەتا پێشتریش لە خولی کوردستان و لەگەڵ یانەی هەولێریش لە خولی عێراق، ئەگەڕ بگەڕێنەوە بۆ دواوە دەبینن بە هەمان شێوەیە، ئیدی سوپاس بۆ خوا، کاری زۆرباشمان لەسەر کرد، راهێنەری گۆڵپارێزانیش کاپتن هەیسەم خەلیل کاری زۆرباشی کرد بۆ گونجاندنی هێڵی بەرگری لەگەڵ من ".

رووداو: هۆکاری سەرەکی گۆڵ خاوێنییەکان ‌هێڵی بەرگری یانەی ئەمانە بەغدا بوو، یان توانای سەرهەنگ موحسین؟

سەرهەنگ موحسین: " ئەگەر لە من دەپرسی، گۆڵ خاوێنی بۆ من، تیپەکەم و پلانی راهێنەر و هەمووان دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوە رۆژنامەڤانە وەرزشییە عێراقییەکانن دەڵێن، ئێمە رێژەی زیاتر دەدەینە سەرهەنگ موحسین، بەهۆی ئەوەی زۆرترین گەڕاندنەوەی هەبووە و زۆرترین لێدانی بۆ چووە و وەڵامی داوەتەوە، بەڵام ئەگەر لە منی دەپرسی، مەسەلەی گۆڵ خاوێنی بۆ ئەو بەرگرییەش دەگەڕێتەوە کە لە پێشتن، یاریی تۆپی پێ یارییەکی بە کۆمەڵە و دەبێت خۆمان لەو خۆپەرستییە بە دووربگرین بڵێین هەر ئەمن و یاریزانەکان نا ".

رووداو: دوای ئەم کلین شیتانە، چ پاڵنەرێک دەبێت بۆ ئەوەی سەرهەنگ موحسین وەرزی داهاتوو لە یانەیەکی باشتردا یاریی بکات، هیچ یانەیەک بۆ گرێبەستکردن هاتووەتە سەر هێڵ؟

سەرهەنگ موحسین: " سوپاس بۆ خوا ئێستا یانە هەن لە خولی عێراق هاتوونەتە سەر هێڵ، بەڕێوەبەری کارەکانیشم ئیبراهیم ناسڕی باسیکرد کە یەکێک لە یانەکانی نێو شاری بەغدا بە تامەزرووییەوە هاتووەتە سەر هێڵ، بەڵام ئێستا خۆم و خانەوادەکەشم و ئەوانەی لە دەورووبەرمن و راوێژیان پێدەکەم پێیان باشە ئەگەر رێککەوتن کرا لەگەڵ ئەمانە بەغدا بمێنمەوە، خۆشم زۆر حەزم لە جێگۆڕکێ نییە، ساڵانی زووش هەموو ساڵێک یانە هەبووە داوایان کردووم ".

رووداو: هەژدە ساڵ یارییکردن بۆ هەولێر، ساڵێک بۆ شورتە و ئەم وەرزە بۆ ئەمانەی بەغدا، چ جیاوازییەک هەیە؟

سەرهەنگ موحسین: " لە رێگەی راگەیاندنانەی کە گرنگیان بە مندا، یان مەسەلەی هاتنەوەی من بۆ نێو گۆڕەپانەکە و ئەگەری گەڕانەوە بۆ هەڵبژاردەی عێراق و رێزلێنانی یانەکە و دانانی رێرەو بۆ من و ئەو دەنگدانەوە گەورەیەی لە هەموو عێراقدا هەبوو، ئەگەر ئەمانە لە دوو تای تەرازوویێکدا دابنێین دەبێت بڵێم ئەمەی ئەمانە بەغدا بە قەد هەموو ساڵەکانی یارییکردنم بوو، کە ئەم قسەیە دەکەم دەبێت بڵێم بە داخەوە کە ئەم قسەیە دەکەم، لەکاتێکدا 18 ساڵ لە خولی عێراقدا یاریی بکەیت بۆچی ساڵێک ئەوەندە بەرچاوبیت و رێزت نەگیرێت، دەبێ هۆکار ئەوە نەبێت کە شوێنی دیکە هەیە رێز و پێزانینی زیاتری هەیە، مەسەلەی پێزانین بۆ یاریزان زۆر گرنگە و ئەوە وادەکات زیاتر و زیاتر خۆت ماندووبکەیت ".

رووداو: پێشتر دەیانگوت سەرهەنگ موحسین کۆتاییهاتووە، بۆیە لە یانەی هەولێر رۆیشت و کاروانەکەی کۆتاییهات؟

سەرهەنگ موحسین: " 2012 کاتێک کاپتن نزار مەحرووس لێرەبوو هێنانی گۆڵپارێز و هەندێک کێشە روویاندا، یەکێک لەوانە من بۆم کە جیاکرامەوە و گوتی دەمەوێت قسەت لەگەڵ بکەم و گوتی تەواو تۆ هەموو شتێک کرد، ئەوەی پێشوو کە نەکراوە تۆ کردت و پێموایە ئیدی لەم ئاستەدا دابینشە بەسە، ئەمە لە 2012 ئێستا ئێمە لە 2021 دەژین، زۆرجاو چوار دەورەت یان ئەو پێگەیەی تۆی لێی هەمووان کۆکدەبن کە ئیدی بەسە، بەڵام بەخۆت خاوەن بڕیاری خۆتی و خۆت دەزانیت چەند لە تواناتدایە، ئەگەر من بە قسەی ئەم و ئەوم کردبا، لە 2012 ئەو داوایەم لێکرا، ساڵانی دوای ئەوەش ئەوەیان پێگوتم، زۆرترینجار کە قسەی ناخۆشم بەرامبەرمکرابێت زۆرینەی جارەکان لەکاتی نوێکردنەوەی گرێبەستەکانم سەرۆکی یانە پێیدەگوتم، ئیدی لەگەڵ تەمەن هیچمان پێناکرێت ".

رووداو: دەگوترێت سەرهەنگ یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆی هەیە و زۆر گرنگی بە توانای جەستەیی و راهێنانەکانی دەدات، تەمەن لای ئەو تەنیا ژمارەیە و ئەمە بووەتە هۆکار کە بەردەوامبێت؟

سەرهەنگ موحسین: " تۆ ئەگەر بنچینەیەکی زۆرباشت لەسەرەتای ژیانی وەرزشی خۆت هەبێت و لە وەرزش دانەبڕابیت، مەشقەکانت وەک یەکێک لە ئەندامەکانی خێزانەکەت خۆشبووێت و پابەندی خەو و خۆراک بیت، بەڵێ ئیدی تەمەن تەنیا ژمارەیە، لەبەرئەوە کە ئێمە ئەوەندە باسی تەمەن دەکەین، بێ ئاگایەکانیش بابە ئاگا بێنەوە و کە من تەمەنم چەندە، من لە دایکبووی 1-12-1986ـم، بەڵام گوناحی من نییە کە لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە لە یانەی پێشکەوتن و پاشانیش بۆ لاوانی هەولێر و دواتریش بەهۆی چەند کێشەیەکی گۆڵپارێزانەوە لە یانەی هەولێری ئەو کات دوای سێ بۆ چوار مانگ لە لاوانەوە بۆ یانەی هەولێر بانگهێشتکرام، گوناحی من تەنیا ئەوەیە کە لە تەمەنێکی بچووکەوە هاتمە نێو دونیای گۆڵپارێزایەتی ".

رووداو: ئەگەر راهێنەرێک ببێتە راهێنەری هەولێر و داوای گەڕانەوەت بکات دەگەڕێیتەوە یانەی هەولێر؟

سەرهەنگ موحسین: " من نازانم ئەو شتە، خۆم لە هەواڵەکانی ئەو یانەیەش دەشارمەوە، مێژووەکە پەیوەندیی بە سیستمی یانەکەوە هەیە، بەڵام زەحمەتە بتوانم جارێکی دیکە بەو شێوەیەی کە ئێستا هەیە بچمەوە ئەو یانەیە ".

رووداو: میدیای عێراقی و کوردستان و هاندەران زۆر دەڵێن زوڵم لە سەرهەنگ موحسین کراوە بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق ناکرێت، هیچ پەیوەندییەکت بۆ ئەوە پێوە کراوە؟

سەرهەنگ موحسین: " پێشتر رۆژنامەڤانێکی دیاری عێراق پێی راگەیاندم کە لەنێو لیستی سەرەتایی هەڵبژاردەی عێراق لەنێو شەش گۆڵپارێزە بانگهێشتکراوەکاندا ناوی من هەیە، بەڵام دوای ئەوە ناوی منی تێدا نەبوو، ئەو خەمەی بەرگەی ناگری لەگەڵی رادێی، مەسەلەی بانگهێشتنەکردن خەمێک بوو، بەڵام لەگەڵی راهاتووم، جاران دەبووینە پاڵەوانی عێراق و لە جامی ئاسیاش یارییمان دەکرد، ریکۆردم تۆماردەکرد و باشترینم پێشکێشدەکرد کەچی بانگهێشتنەدەکرام، ئەگەر کەسێک بێت لێی بکۆڵێتەوە دەزانێت کە من مەزڵومترین کەس لەنێو وەرزشی عێراق منم، نازانم هۆکارەکەی چییە، جاران دەیگوت لە یانەی هەولێر و لە چاوی میدیای عێراقەوە دووریت و دەبێت بێیتە بەغدا، ئەوەتا لە بەغداش یارییدەکەم و راستە راگەیاندنی بەغدا و عێراقی زۆر پاڵپشتیان کردم و ئێستا من یەکێکم لەوانەی بەدوای هۆکارەکەدا دەگەڕێم، رەنگە پرسەکە پەیوەندیی بە ناوچەگەری و نەتەوەییەوە هەبێت، نازانم چییە ".

رووداو: پەیامی سەرهەنگ موحسین بۆ هاندەران چییە؟

سەرهەنگ موحسین: " زۆر سوپاسیان دەکەم، ئەوان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەرمن هەیە و وەک هەمیشە بە کۆمێنت و قسەکانیان بارگاویم دەکەنەوە، زۆر سوپاسیان دەکەم، زۆر دڵخۆشم کە ئێستا جێگەی رەزامەندیی ئەوانم و دڵخۆشم دڵی زۆربەی ئەوانەم چاککردەوە کە ماوەی پێشوو جێگەی رەزامەندیان نەبووم و لە رێگەی یانەی ئەمانە بەغداوە توانیم ئەوان رازیبکەم".