ریال مەدرید داوای ئەستێرەیەکی لازیۆ دەکات


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید ئیسپانی، پلان بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی یانەی لازیۆ دادەنێت لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا.


میدیای ئیسپانیا بڵاویکردەوە، ریال مەدرید دەستەوارەیەکی پێشکێشی یانەی لازیۆ کردووە بۆ ئەوەی میلینکۆڤیچ ساڤیچ، ئەستێرەی ئەو یانەیە بباتە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، دەستەوارەکەی ریال مەدریدیش پێشکێشکردنی بۆرخا مایۆرال، هێرشبەری یانەکە و بڕێک پارەیە.

میدیای ئیتالیا دەڵێت، لازیۆ گرنگی بە تواناکانی مایۆرال دەدات کە ئێستا بەشێوەی خواستن بۆ لیڤانتی یارییدەکات، ریال مەدریدیش دەیەوێت سوود لەوە وەربگرێت بۆ ئەوەی ساڤیچ بباتە یانەکەی و هێڵی ناوەڕاستی پێ بەهێزبکات.



زینەدین زیدان، راهێنەری ریال مەدرید بە تواناکانی ساڤیچ سەرسامە، دوای ئەوەی زانیی گواستنەوەی پۆڵ پۆگبا زەحمەتە، بیر لە گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەکاتەوە، بۆ ئەوەش رکابەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەکات، کە ئەویان ماوەیەکی درێژە بیر لە گواستنەوەی ئەستێرە سێربییەکە دەکاتەوە.

ساڤیچ لەم وەرزەی سێریا ئەیدا 6 گۆڵی کردووە و 7 ئاسیستی هەیە، لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا ئێستا نرخەکەی دەگاتە 64 ملیۆن یۆرۆ.