شێرکۆ کەریم بۆ رووداو: دەبێ یانەی هەولێر رێز لە یاریزانانی بگرێت

21-07-2020
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یانەی هەولێر شێرکۆ کەریم
A+ A-

رووداو - هەولێر 

شێرکۆ کەریم، ئەستێرەی یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕیی میدیایی رووداو رایگەیاند، گرێبەستی یانەی هەولێری بەدڵ نییە و چەند یانەیەکی دیکەی عێراق لەسەر هێڵن بۆ بەدەستهێنانی واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵی.

شێرکۆ کەریم، لەدایکبووی 1996ی شاری کەرکووکە، سەرەتا یاریزانی یانەی کەرکووک بوو، دواتر لە ریزی یانەی شورتە یاری کرد، دوای پێنج ساڵ لە ژیانی پیشەگەری لەگەڵ یانەی گراسهوپەری سویسری گەڕایەوە عێراق، وەرزی رابردوو لە ریزی یانەی هەولێر یاری کرد.

ئەم یاریزانە لەبارەی مانەوەی لە ریزەکانی یانەی هەولێر، بە رووداوی گوت " گفتوگۆم لەگەڵ یانەی هەولێر کردووە، ئەو نرخەی ئەوان بۆیان داناوم زۆر کەمە و بە دڵم نییە، هەر بۆیە گەر بەو شێوەیە بڕوات ریزەکانی یانەی هەولێر جێدەهێڵم".

شێرکۆ کەریم. لە ریزی هەڵبژاردەی لاوان و ئۆڵۆمپی عێراق یاریکردووە، بەشداری لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی ریۆی 2016دا کردووە.
 
ئێستا هەریەک لە یانەکانی زاخۆ، جەوییە، شورتە و نەفتی وەسەت هەوڵی رازیکردنی شێرکۆ کەریم دەدەن، کە ئەو لە لێدوانەکەیدا بۆ رووداو جەختی لەوە کردەوە "من لە شاری هەولێر زۆر ئاسوودەم و ژیان بەسەربردن لەم شارە زۆر خۆشە، بەڵام دەبێت یانەی هەولێر رێزی یاریزان بگرێت، بەڵام کە نەتوانن گرێبەستێکی باشم بۆ دانێن من ناچارم یەکێک لەو یانانە هەڵبژێرم کە داوایان کردووم، چونکە نرخی باشیان پێشکەشکردووم".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە