ڤیدیۆ راپۆرت؛ فەرەنسییەکان لە تور دێ فرانس بێ رکابەرن

21-07-2019
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
تور دێ فرانس
تور دێ فرانس
نیشانەکردن تور دێ فرانس
A+ A-

رووداو - هەولێر

ناوچەیەکی سەخت و ئاڵۆز، بەڵام جوان و سەرنجڕاکێش چاوەڕێی رکابەرییەکانی گەڕی چواردەیەمی پاڵەوانێتی تور دێ فرانس دەکات، کە چاوەڕواندەکرێت رکابەرییەکی بەهێز بەخۆیەوە ببینێ.

ئێرە بەرزاییەکانی تاربێسە، بەشداربووانی ئەم گەڕەی پاڵەوانێتییەکە دەبێت هێزێکی زۆر خەرجبکەن و 2000 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزببنەوە بۆ ئەوەی 117 کیلۆمەتری ماوەی رکابەرییەکە ببڕن و بگەنە خاڵی کۆتایی کە لە تورمالێت دەبێت.

رێگەی ئەم گەڕەی پاڵەوانێتییەکە پێچاوپێچی زۆری تێدایە و تاوەکو دێت، پایسکلسوارەکان زیاتر ماندوودەبن و رکابەرییەکەش بەهێزتر دەبێت، تاوەکو ماوەیەکی کەم بەر لە گەیشتن بە خاڵی کۆتایی زۆربوون ئەوانەی لەسەر پلەکانی پێشەوە رکابەرییان دەکر، بەڵام هەمووان بەردەوام نەبوون.

دوای رکابەرییەکی زۆر تیبو پینوا توانیی پێش هەمووان بکەوێت و بە سێ کاژێر و 10 خولەک و 20 چرکە گەیشتە خاڵی کۆتایی و پلەی یەکەمی رکابەرییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاییکردەوە، جولیان ئالافێلیپی پێشەنگی ریزبەندی گشتی پاڵەوانێتییەکەش لە پلەی دووەم هات و ستیڤین کروسڤیکی هۆڵەندیش پلەی سێیەمی گەڕەکەی بردەوە.

دوای ئەنجامدانی ئەم گەڕەی پاڵەوانێتییەکە ماوەی 56 کاژێر و 11 خولەک و 29 چرکەیە، جولیان ئالافێلیپی فەرەنسی لە پلەی یەکەمی ریزبەندی پاڵەوانێتییەکەیە و بەرگری لە درێسی زەرد دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە