یۆفا رێگە نادات ئێمباپێ بە ماسکەکەیەوە یاری بکات
رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ لە یاریی ئەمشەوی بەرامبەر هۆڵەندا یاری دەکات، بەڵام بەو ماسکە نا کە لە مەشقەکاندا پێی دەرکەوت.
کیلیان لە دوایین مەشقەکانی فەرەنسا بۆ یاریی بەرامبەر هۆڵەندا، بە ماسکێکەوە دەرکەوت کە دوو پیتی ناوەکەی و ئاڵای فەرەنسای لەسەر بوو، بەڵام ئەوە تەنیا بۆ مەشقەکان بوو و بۆ یاری نابێت.
بەپێی ماددەی 42 لە یاساکانی یۆفادا، کە تایبەتە بەو کەلوپەلانەی یاریزانان بەکاریدەهێنن، هەر یاریزانێک لەکاتی بەکارهێنانی ماسکدا دەبێت ماسکەکەی تەنیا یەک رەنگ بێت و نابێت هیچ لۆگۆ و ناوی هیچ کۆمپانییەکی وەربەهێنەریشی لەسەر بێت."
بەمەش ئێمباپێ لە یارییەکەی بەرامبەر هۆڵەندا، بە ماسکێکی تەندروستییەوە دەردەکەوێت کە یەک رەنگ دەبێت.
دیدێ دیشام، راهێنەری فەرەنسا دەڵێت "ئێمباپێ بەباشی مەشقی کردووە، هیوادارین بۆ یارییەکە ئامادەبێت و هاوکاریمان بکات."
هەڵبژاردەی فەرەنسا، ئەمشەو لە دووەم یارییدا لە رکابەرییەکانی یۆرۆی 2024 بەرامبەر هەڵبژاردەی هۆڵەندا یاریی دەکات، هەردوو هەڵبژاردە لە یاریی یەکەمیاندا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە و براوەی یاریی نێوان هەردوولا دەگاتە قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکە.