ڤیدیۆ؛ فەرەنسا و هۆڵەندا یاریی لووتکە دەکەن و ئێمباپێ بە ماسکەوە ئامادەیە

21-06-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ یۆرۆی 2024
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

دیدێ دیشام و ستافەکەی نایانەوێت مەترسی بخەنە سەر کیلیان ئێمباپێ، بەڵام ئەو ئامادەنییە لەسەر کورسی یەدەگ بێت.
 
کیلیان لە دوایین مەشقەکانی فەرەنسادا بە ماسکێک کە بە ئاڵای وڵاتەکەی نەخشێنراوە، بەشدارییکرد و خۆی بۆ ئەو یارییە ئامادەدەکات کە هەمووان پێیانوایە دەکرێت تێیدا توانای راستەقینەی فەرەنسا دەربکەوێت، یاریی بەرامبەر هۆڵەندا.
 
فەرەنسا لە یاریی بەرامبەر نەمسا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام سەرکەوتنە بۆ هاندەرانی هەڵبژاردەکە جێگەی دڵخۆشییەکی زۆر نەبوو، ئاخر ئەوان تیپێکی زۆر بەهێزتریان دەوێت کە تاوەکو بردنەوەی نازناوەکە نەوەستێت، بۆیەش یارییەکەی ئەمشەو بۆ ئەوان توانای هەڵبژاردەکە زیاتر دەردەخات.
 
دیدێ دیشام، راهێنەری فەرەنسا بەر لە یارییەکە گوتی " سەبارەت بە کیلیان هیچ پشێوویەک لەنێو تیپەکەدا نییە، شتەکان لەگەڵ دەستەی پزیشکی و کیلیان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن، بەلامەوە گرنگ نییە لە دەرەوە چی روودەدات، لە تیپەکەدا ئارامییەکی زۆر هەیە."
 
هەڵبژاردەی هۆڵەندا، هاوشێوەی فەرەنسا لە یاریی یەکەمدا ئاستی راستەقینەی خۆی پێشکێش نەکرد، بەڵام ئەنجامەکە لە بەرژەوەندی ئەوان بوو و سێ خاڵیان لە پۆڵەندا.
 
پرتەقاڵییەکان بۆ یارییەکە ئامادەن، کۆمان دەیەوێت تیپەکە لە دۆخێکی ئارامدا بەرامبەر فەرەنسا یاری بکات بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکە، بەڵام ئاسان نییە و ئەمە یارییەک دەبێت کە دەکرێت تێیدا ئەژنۆکان بشکێن.
 
رۆناڵد کۆمان، راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا دەڵێت "ئێمە پێشتر زۆر یاریمان بەرامبەر فەرەنسا کردووە، زۆر ئازارمان بەدەست فەرەنساوە چەشتووە، ئەمەش پێم دەڵێت ئەوان رکابەرێکی زۆرباشن، ئەزموونێکی زۆریان هەیە، هەوڵدەدەن وەکو کۆمەڵ بە گوشارەوە یاری بکەن، بەتایبەت کاتێک تۆپیان لایە، وەکو ئەوەی بەرامبەر نەمسا بینیمان زۆر بەخێرایی پێشڕەوی دەکەن و بەرەوپێشەوە دەڕۆن، دەبێت یەکگرتوو بین، سەبرمان هەبێت و بەرگرییەکی باش بکەین."
 
هۆڵەندا و فەرەنسا لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆدا لە یەک کۆمەڵە بوون، هۆڵەندا هەردوو یارییەکەی بەرامبەر فەرەنسا دۆڕاند و بە دووەم گەیشتنە پاڵەوانێتییەکە، لە دوایین 8 یاریی نێوانیان فەرەنسا 7ـی بردووەتەوە، بەڵام ئەوە بۆ مێژوو دەمێنێتەوە و هەردوولا لە رێدبوڵ ئارێنا دەیانەوێت لاپەرەیەکی نوێ بکەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە