ڤیدیۆ؛ کۆپا ئەمریکا دەستیپێکرد و ئەرجەنتین بردییەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەهێزەوە چووە نێو رکابەرییەکانی کۆپا ئەمریکا و هەنگاوەکانی بۆ پارێزگاریکردن لە نازناوەکەی دەستپێکرد.
 
بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە سێرجیۆ ئەگوێرۆ جامی پاڵەوانێتییەکەی بردە نێو یاریگە و پاشان یاریی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە لەنێوان تانگۆ و کەنەدا دەستیپێکرد.
 
دوای چەند هێرشێکی هەردوولا بۆ سەر گۆڵی یەکدی، نیوەی یەکەم بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
 
لە سەرەتا نیوەی دووەمدا، جولیان ئەلڤارێز، گۆڵی پێشکەوتنی بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 65 لیۆنێل مێسی نزیکبوو گۆڵی دووەم تۆماربکات، بەڵام گۆڵپارێز و بەرگریکارانی کەنەدا بەرگرییان کرد.
 
لە خولەکی 87 مێسی تۆپێکی جوانی دایە لاوتارۆ مارتینێز و گۆڵی دووەمی ئەرجەنتین لە یارییەکەدا تۆمارکرا.
 
تانگۆ یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە و یەکەم سێ خاڵی لە پاڵەوانێتییەکەدا بەدەستهێنا، یاریی داهاتوویان بەرامبەر هەڵبژاردەی چیلی دەبێت.