ڤیدیۆ؛ ئەو گەنجە کوردەی تیپەکەی لە نەمسا بووە پاڵەوان


رووداو دیجیتاڵ

گەنجێکی کورد لە نەمسا دەبێتە سەر تۆپی هەواڵەکانی ئەم هەفتەیەی میدیای وڵاتەکە و مێژووییەکی گەورە لە تۆپی پێی نەمسادا تۆماردەکات.
 
رۆژگار زرار، گەنجێکی کوردە و خەڵکی هەولێرە، راهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەی فاڤاچیی نەمساییە و سەرکردایەتی یانەکەی کرد بۆ بردنەوەی پلەی یەکەم و سەرخستنی یانەکەی بۆ خولی پلە دووی نەمسا.
 
رۆژگار ئێستا لەنێو تۆپی پێی نەمسادا کەسێکی دیارە و ناوبانگێکی زۆری هەیە، چونکە وەک یاریزان ماوەی 10 ساڵ لە خولی نەمسا یاریی بۆ یانەی فاڤاچی کردووە و یەکێک بووە لە یاریزانە بەتوانا و دیارەکانی یانەکە.
 
راهێنەرە هەولێرییەکە ئێستا تەمەنی 32 ساڵە، 17 ساڵ لەمەوبەر رێگەی دووری هەڵبژارد و کوردستانی بەرەو نەمسا بەجێهێشت، بەر لەوەی بچێتە دەرەوەی وڵات لە تیپی لاوانی یانەی هەولێر یارییکردووە، کاتێکیش گەیشتە نەمسا لە ئەکادیمیاکانی ئەو وڵاتە پەرەی بە تواناکانیدا و بووە یاریزان و لە یانەی فاڤاچی یارییکرد.
 
دوای وازهێنانی لە یارییکردن رۆژگار زرار کە لە نەمسا پێی دەڵێن رۆژگار قادر، کاری راهێنەرایەتی هەڵدەبژێرێت و بڕوانامەی یوفای بۆ کاری راهێنەرایەتی هەیە، کاتێک دەبێتە راهێنەری یانەی فاڤاچی یانەکە لە بارودۆخێکی خراپدا دەبێت، بەڵام لە ماوەی 18 مانگدا، لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرە کوردەکە یانەکە بەرەوپێشچوونێکی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت و لە پلەکانی کۆتایی ریزبەندەوە دەگاتە بردنەوەی نازناوی خولەکە و سەردەکەوێت بۆ خولی پلە دوو.
 
یانەکەی رۆژگار لەم وەرزەدا لە کۆمەڵەی ڤێینا لە خولی پلە سێی نەمسادا، لە 30 یارییدا 22 یاریی بردەوە، لە 3 یارییدا یەکسانبوو و 5 یارییشی دۆڕاند.
 
وەرزی داهاتوو رۆژگار و فاڤاچ لە بەردەم ئەزموونێکی نوێدان و لە خولێکی بەهێزتر یارییدەکەن، بەڵام ئامانجێکی گەورەیان هەیە، ئەویش گەیشتنە بە بوندێسلیگای نەمسا.