ڤیدیۆ؛ هاندەرێکی کورد باوەش بە رۆناڵدۆدا دەکات بۆ رووداو قسە دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

لە دوای کۆتاییهاتنی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئایسلەند و پۆرتوگال لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە یۆرۆی 2024ـی ئەڵمانیا، هاندەرێکی کورد دەچێتە نێو یاریگە و باوەش بە کریستیانۆ رۆناڵدۆدا دەکات.

دیمەنەکانی باوەشپێداکردنی هاندەرە کوردەکە بە ئەستێرە پۆرتوگالییەکەدا لەنێو میدیای ئایسلەند و جیهان کاردانەوەی لێکەوتەوە.
 
ئەو هاندەرە ناوی ئەلەند خالید رەزایە و بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەدەکات و دەڵێت "لە یاریی ئایسلەند و پۆرتوگال کریستیانۆ رۆناڵدۆم بینی، دوای یارییەکە چوومە نێو یاریگە و داوای پێدانی درێسەکەیم لێیکرد، بەڵام رۆناڵدۆ پێیگوتم، ئەمە یاریی ژمارە 200ـی منە لەگەڵ پۆرتوگال، بۆیە ناتوانم درێسەکەمت پێبدەم."
 
ئەلەند درێسێکی لەبەرە کە وێنەی رۆناڵدۆی لەسەرە و گوتی "رۆناڵدۆ پێیگوم دەتوانم وێنەیەکت پێبدەم، بەڵام قەلەمم پێ نەبوو بۆ ئەوەی واژۆیەک لەسەر درێسەکەم بکات، دوای ئەوەش پۆلیسی چاودێریی یاریگە رێگەی نەدا زیاتر قسە لەگەڵ رۆناڵدۆ بکەم."
 
خالید رەزا، باوکی هاندەرەکەیە و ڤیدیۆی قسەکردنی کوڕەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە و دەڵێت "کوڕەکەم هاندەرێکی سەرسەختی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە و ئەو یاریزانەی خۆشدەوێت، کاتێکیش چووەتە نێو یاریگە و رۆناڵدۆی لە نزیکەوە بینیوە بە خەونەکەی گەیشت."
 
لە یارییەکەدا کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵێکی تۆمارکرد و سەرکردایەتی پۆرتوگالی کرد بۆ بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە، ئەو یارییە یاریی ژمارە 200ـی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بوو بەدرێسی هەڵبژاردەی پۆرتوگالەوە و بووە یەکەم یاریزان 200 یاریی نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردەکەی بکات.