گرێبەستێکی دیکە لە ریال مەدریدەوە راگەیێنرا

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەشێوەیەکی فەرمی نوێکردنەوەی گرێبەستی، تۆنی کرووس، ئەستێرەی ئەڵمانی و یانەکەی راگەیاند.
 
ریال مەدرید لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی نووسیوویەتی "یانەی ریال مەدرید و تۆنی کرووس لەسەر درێژکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2024 گەیشتنە رێککەوتن."
 
تۆنی کرووس لە ساڵی 2024ـەوە لە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانییەوە پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی ریال مەدرید کردووە، یەکێکە لە یاریزانە کاریگەر و سەرەکییەکانی یانەکە و تاوەکو ئێستا 417 یاریی بەدرێسی یانەکەوە ئەنجامداوە.
 
لە ماوەی 9 وەرزی یارییکردنیدا لە یانەی ریال مەدرید، یاریزانەکە 20 نازناوی جیاوازی لەگەڵ لۆس بلانکۆس بردووەتەوە، 4 نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، 5 نازناوی جامی جیهانی یانەکان، 4 نازناوی جامی سوپەری ئەوروپا، 3 نازناوی خولی ئیسپانیا، نازناوێکی جامی شای ئیسپانیا و 3 نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا.
 
کرووس لە 2021 بەیەکجاری وازی لە یارییکردنی نێودەوڵەتی هێنا، کاتێک بڕیاری وازهێنانیدا گوتی "دەمەوێت هەموو توانایەکم بخەمە خزمەت یانەی ریال مەدرید و لە بەرزترین ئاستدا لەگەڵ یانەکە یاریی بکەم."