ئێنگۆلۆ کانتێ بەفەرمی بووە هاوتیپی کەریم بنزیما

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئیتیحاد جددەی سعودی، گرێبەستکردنی لەگەڵ ئێنگۆلۆ کانتێی یاریزانی فەرەنسی رایگەیاند، بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا پاڵپشتی هێڵی ناوەڕاستەکەی بکات.
 
یانە سعودییەکە لە رێگەی هەژماری فەرمی خۆیەوە لە تویتەر، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، تێیدا کانتێ درێسی یانەکە بەرزدەکاتەوە و دەڵێت "گوێ لە هەواڵە ناڕاستەکان مەگرن.. ئێستا من لە پڵنگەکانم".
 
کانتێ بە گرێبەستێکی بێبەرامبەر رووی لە ریزەکانی یانە سعودییەکە کردووە، دوای کۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی چێڵسی ئینگلیزی، کە بۆ ماوەی 7 وەرز بە درێسی ئەو یانەیەوە یارییکرد، لەو ماوەیەدا چەندین نازناوی ناوخۆیی و ئەوروپای لەگەڵیدا بەدەستهێنا.
 
هەروەها کانتێ بەشدارییەکی زۆری لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا کردووە و چەندین دەستکەوتی لەگەڵیدا بردووەتەوە، گرنگترینیان مۆندیالی 2018 بوو لە رووسیا.
 
یانەی ئیتیحاد جددە چەند رۆژێک لەمەوبەر گرێبەستێکی جیهانی دیکەی ئەنجامدا، ئەویش گرێبەستکردن بوو لەگەڵ کەریم بنزیمای ئەستێرەی فەرەنسی، دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید.
 
کەریم لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بەخێرهاتینی کانتێ دەکات بۆ یانەی ئیتیحاد و پێیدەڵێت "بەخێربێی بۆ باشترین یانەی سعودیە".
 
ئێنگۆلۆ کانتێش لە وەڵامیدا سوپاسی بنزیما دەکات و دەڵێت "خۆشحاڵ و دڵخۆشم کە لەگەڵ باشترین یاریزانی جیهان یاری دەکەم".