ماوەیەک کامپ نو دادەخرێت.. بارسێلۆنا یاریگەیەک بە کرێ دەگرێت

21-06-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یاریگەی مۆنتجویک کامپ نو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا لە رێگەی سەرۆکی ئێستای خۆیەوە، خوان لاپۆرتا، یاریگەیەکی نوێ و کاتی بۆ تیپی یەکەمی تۆپی پێی لە وەرزی 2024-2024 راگەیاند.

یانەی بارسێلۆنا یاریگەی ئۆڵۆمپی لویس کۆمپانس، کە بە مۆنتجویک ناودەبرێت. لە بارسێلۆنا هەڵبژارد بۆ میوانداریکردنی یارییەکانی تیپەکە بۆ وەرزی داهاتوو، لە ماوەی نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی یاریگەی کامپ نو، کە بڕیارە پڕۆژەکە دەستپێبکات.

خوان لاپۆرتا رێکەوتنێکی فەرمی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی یاریگەکە واژۆکرد، کە لە ساڵی 1927 دروستکراوە و لە ساڵی 1989 نۆژەن کراوەتەوە بۆ ئەوەی یەکێک بێت لەو یاریگانەی میوانداری ئۆڵۆمپیادی 1992 دەکەن.

یاریگەی ئیستادیۆ لویس کۆمپانس. پێنجەمین گەورەترین یاریگەی ئیسپانیایە و دووەم گەورەترین یاریگەی کەتەلۆنیایە، کە جێگەی 60 هەزار و 713 هاندەر لە کاتی یارییەکاندا دەکاتەوە.

لاپۆرتا، دڵخۆشیی خۆی بە وەرگرتنی ئەو یاریگەیە بە کرێ نیشاندا و گوتی "شانازی بەوە دەکەین کە لەنێو یاریگەی مۆنتجویکدا یارییەکانمان دەکەین".

سەبارەت بە کرێی یاریگەکەش، سەرۆکی بارسا، ئاشکرایکرد کە بڕی تێچووی یاریکردن لەسەر ئەو یاریگەیە، بە درێژایی ماوەی نوژەنکردنەوەی کامپ نو، لە نێوان 15 تاوەکو 20 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە