یوفا رێگە بە نۆیەر دەدات پشتگیریی لە هاوڕەگەزخوازان بکات

رووداو دیجیتال

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا، چیدی لێکۆلینەوە لە نیشانەی کاپتنایەتی مانوێل نۆیەری گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا ناکات و ئیدی رێگری لێناکات بۆ ئەوەی هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆی بۆ هاوڕەگەزخوازان نیشان بدات.

یۆفا لێکۆڵینەوەکەی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا، لەبارەی نیشانەی کاپتنیی هەڵبژاردەی مانشافت راگرت، کە مانوێل نۆیەری گۆڵپاریز و کاپتنی تیپەکە لە یارییەکانی یۆرۆی 2020ـدا نیشانەی پەلکەزێڕینە دەبەستێت، وەک ئاماژەیەک بۆ پشتگیریکردن لە مافی هاوڕەگەزخوازان.

یۆفا پێشتر بڕیاریدابوو لێکۆڵینەوەیەک لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا بکاتەوە سەبارەت بەو نیشانەی کاپتنییەی مانوێل نۆیەر لە یۆرۆی 2020ـدا دەبەستێت، بۆ ئەوەی بزانێت ئەو کارە ئاماژەیەکی سیاسییە یان نا، چونکە بەپێی یاساکانی یۆفا هیچ یاریزانێک و هیچ تیپێک بۆی نییە لەنێو یاریگەدا ئاماژە یان دروشمێکی سیاسی بەکاربهێنێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، یۆفا لێکۆڵینەوەی خۆی لەسەر نیشانەی کاپتنایەتی مانوێل نۆیەر راگرت، کە بۆ پشتگیری لە هاوڕەگەزخوازەکان بەستبووی، ئەمەش دوای ئەوەی بۆی دەرکەوت کە ئەو کارەی کاپتنی مانشافت وەک هێمایەکی هەمەجۆری لە خزمەت دۆزێکی تایبەتدا بووە، نەک هێمایەکی سیاسی.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا، دووپاتیکردەوە کە لە هەڵمەتە جۆراوجۆرەکاندا بەشدارە و مانوێل نۆیەر نیشانەی کاپتنیی پەلکەزێڕینەی بەستووە، وەک ئاماژەیەک بۆ پابەندبوونی ئاشکرای تەواوی تیپەکە بە هەمەجۆری، کراوەیی، لێبووردەیی و دژی رق و کینە.