نزیك بە 3 هەفتە لەمەوبەر گوتم، یەكێك لە جیاوازییەكانی چامپیۆنسلیگی ئەمساڵ ئەوەیە، برینی دۆڕاوەكان زوو خۆش دەبێتەوەو ئاهەنگ و دڵخۆشی سەركەوتووەكانیش كورتخایەن دەبێت. لەبەرئەوەی چەند هەفتەیەك پاشتر مانگە سەختەكە دەستپێدەكات، ئەو تاقیكردنەوە گەورەیەی كە دەبێ خەڵك 4 ساڵ چاوەڕوانی بكەن، مۆندیال .
مرۆڤ دەبێ ستایشی ئەوە بكات، كە هەرنەبێت مانگێك هەیە بتوانێ دەرگاكە بەسەر رووی سیاسەتدا دابخات و خەڵك بە ململانێیەكی دیكەوە سەرقاڵ بكات، ململانێیەك تاوەكو گەرمتربێت، پڕچێژترەو لە هەمانكاتیشدا بێ زیانترین جۆری ململانێیە لەو جیهانەدا. ئەمە سیاسەت نییە بەهێزەكانی ژیان بخەنە ژێر هەڕەشەیەكی گەورەوە، یاسا و فیكەكان بۆ گەورە و بچووك، وەك یەكن و لە كۆتایشدا براوە مەترێك خاكی ئەوی دیكە داگیرناكات و دۆڕاوەكانیش چەپڵەی بۆ لێدەدەن، بەڕاستی هەر ئەو یاسا و رێسایانە بوو چەند ساڵێك لەوەوبەر منیان كەمەندكێشی دونیای وەرزش كرد.
مۆندیالی 2014 لە كاتێكدا روودەدات، جیهان گۆڕانكاری گەورەی بەسەردا هاتووە، شەپۆلێكی ناڕەزایەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوەو بەشێكی زۆر لە سەركردەكانی راماڵی، سووریا بووە بەژێر دووكەڵی جەنگە بێبەزەییەكانەوەو دەیان گرووپی كوشتوبڕ و رفێنەر ئاڵایان چەقاندووە بە زەویدا، لە ئەفریقاو ناوچەی رەشیشەوە بەهەمانشێوە باند و گرووپەكان چاو لە داهاتووی پێكەوەژیان و ئەو زەوییانە سوور دەكەنەوە كە دەتوانن نیوەی دانیشتوانەكە تێربكەن. عێراق گەیشتووەتە كەناری خراپترین ساڵەكانی خۆیی و لە زۆربەی شوێنەكانی جیهانەوە خەڵك گوێی لە دەنگی پێی نائارامییە. بەشێكی جیهان برسیتر دەبن.
پەیوەندییە ئیتنی و ئاینی و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتییەكان تادێ لە پێكەوەبوون دوورتر دەكەونەوەو تێكچوونی شیرازەی كەشوهەواو بەستەڵەكەكانی باكوور و لە نێوچوونی دارستانەكان و خۆبەدەستەوەدانی سرووشت، دەیان هەڕەشەی دیكە كە هەموویان بەهۆی سیاسەتەوە وەك ئافات داباریون بەسەر ئێمەدا، بەڵێ مۆندیال لە دۆخێكی ئاوادا دەستپێدەكات، بەڵام ببیینن چۆن لەو مانگەدا سیاسەت بێدەنگ دەبێت و ئیدی خەڵك دەیانەوێ بزانن چی لە نێو یاریگەدا روودەدات.
بەڕاستی ئەمە شایانی لێوردبوونەوەیە، لەو مانگەدا چاوەكانی جیهان لەسەر ئەو 100مەترە زەوییە دەڕوێن، كە پێی دەگوترێ یاریگەی تۆپی پێ، لەوانەیە ئیتر سیاسییەكان و سەرۆكەكان و سیاسەتمەدارە بەنێوبانگەكان نەیانەوێ لەو مانگەدا وتارەدا گرنگەكانیان پێشكێش بكەن، چونكە خەڵك دەیەوێ گوێ لە بێژەری یارییەكان بگرێ نەك سیاسییەك. لەوانەیە هەروا، شانۆكارە بەنێو بانگەكان و گۆرانیبێژ و ئەكتەرەكانیش هەروا بكەن، تەنانەت ئەو مامۆستا ئاینییانەش كە نایانەوێ بەشێك لە جەستەی پیاو بە رووتی ببینرێ، هێزی ئەوەیان نییە بەخەڵك بڵێن تەماشای ئەو جۆرە پیاوانە مەكەن كە لەنێو یاریگەدا خۆیان روتكردووەتەوە، چونكە دەزانن بەگوێیان ناكەن.
سەیر بكەن، خەڵك هەر لە ئێستاوە مشوری كەشوهەوای مۆندیالی 2024 دەخۆن، بیر لەوە دەكەنەوە چۆن چارەسەرێك بۆ ئەوە بدۆزنەوە ئەگەر بكەوێتە نێوجەرگەی گەرماوە، ئەی باشە بۆ كەس گرنگ نییە بەلایەوە بزانێ ئەمریكا و رووسیا و چین 2 ساڵی دیكە چیدەكەن ؟! ئێستا پێموایە هەموومان بەباشی تێدەگەین لەو مانگەدا چی روودەدا و 21/6/2014 ئەو رووداوە گەورەیە چییە كە دەستپێدەكات؟
لە مۆندیالدا، سەرۆكەكان و بازرگان و خاوەنی كۆمپانیا زەبەلاحەكان، هونەرمەندە نێودارەكان، پسپۆڕان و گەردوونناس و فەلەكناسە بەنێوبانگەكان، خاوەنی دكتۆرا و نۆبڵەكان، كەس ناتوانێ بە بێلایەنی بمێَنێتەوە، ئیدی بە پێچەوانەوە، لەوانەیە خەونی سەرۆكی پورتوگال ئەوە بێ وێنەیەكی كریستیانۆ رۆناڵدۆی دەست بكەوێ. یان لەوانەیە خۆشبەختترین كەس ئەوەبێ كورسییەكی ریزی پێشەوەی یاریگەی گرتبێ، نەك ئەو كەسەی رێكەوتێكی سەیر گەیاندویەتییە نێو كۆشكی سپی.
لە مۆندیالدا وێنە زۆرن، بیربكەنەوە ئەفریقییەك لە گاناوە، كە هەمیشە و بەدرێژایی مێژوو بەهۆی پێستییەوە گرفتاری دەست شوناسەكەشی بووە، ئەمڕۆ هەزاران چاوشین و قژزەردی پەروەردەبووی نێو كۆشكە مەڕمەڕی و شاهانەكانی ئەوروپا سەما و دانسی خۆشەویستی پێشكێش دەكەن. هاوكێشەكان دەگۆڕێ، بەهێزەكان و جوانەكان و خۆشەویستەكان ئەوانەن، بەهێزتر و جوانتر یاریدەكەن، لە مۆندیالدا، ئەمریكا نە زەبەلاحە و نە ژمارەیەكە كەس دابچڵەكێنێ .
من دڵنیام زۆر وێنەی دیكە هەیە لەبارەی مۆندیالەوە، كە هێشتا پەیم پێنەبردووە، لەبەر ئەوەبێ كە نایزانم، بەڵام داوا لە هەموو مرۆڤێك دەكەم لەو مانگەدا سەیری یاساكانی تۆپی پێ بكات كە چۆن دادپەروەرانە شەڕی نێوان قاڕەكان و وڵاتان و جەمسەرەكان بەڕێوەدەبات. سەیری پاڵەوانەكانیش بكەن چونكە لەوانەیە زۆر پاڵەوانی دیكە پەیدا ببن كە هێشتا ئێمە نەمان بیستوون و نەمان بینیون، گرنگ ئەوەیە لەو مانگەدا سیاسەت بێدەنگ دەبێ و دادپەروەری فیكە لێدەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ