پەیامی تۆنی کرووس بۆ هەمووان

21-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن تۆنی کرووس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تۆنی کرووس، ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی ریال مەدرید، پەیامێکی لەبارەی بڕیاری وازهێنانی یەکجاریی لە یارییکردن لە دوای یۆرۆی 2024 بڵاوکردەوە و دەڵێت "دەمەوێت لە باشترین ئاستدا واز لە یارییکردن بهێنم."
 
کرووس لە پەیامێکدا کە لە ئینستاگرام بڵاویکردووەتەوە دەڵێت "ئاسان نییە خەڵک بڵێن دەتوانم چەند ساڵێکی دیکە لە یارییکردن بەردەوامبم، کە رەنگە وابێت، بەڵام نامەوێت بگەمە ئەو ئاستەی بیر لەوە بکەنەوە کە بۆچی یاری دەکەم یان ئاستی یارییکردنم نەبێت."
 
کرووس نووسیوویەتی "دەمەوێت لە باشترین ساتدا وەرزەکە تەواو بکەم، کە ئێستایە، ئەمە هۆکاری بڕیارەکەمە، زۆر سوپاسگوزارم بۆ چەند ساڵی رابردوو، بەو خۆشەویستییە پێتاندام، زۆر تایبەت بوو، هەمیشە لە یانەکەدا هەستمکردووە لە ماڵەکەمم، لێرە لە ئیسپانیا لە مەدرید."
 
تۆنی هێشتا دەڵێت "بڕیاری هاتنم بۆ مەدرید ژیانی منی بەشێوەیەکی زۆر ئەرێنی گۆڕی، من زۆر سوپاسگوزارم و دەمەوێت هەموو قسەکانم لەبیر بکەن تاوەکو نازناوێکی دیکە دەبەینەوە، کە ئەوە بۆ من گرنگترین شتە، هەلا مەدرید و هیچی دیکە."
 
ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید دووپاتیدەکاتەوە، هەمیشە ئامانجی ئەوەبووە بەباشترین شێوە لە یانەکەدا کۆتایی بە کاروانەکە بهێنم، کە شایەنی ئەوەیە، ئەم وەرزە یەکێکە لە باشترین وەرزەکانی یارییکردنم و پێموایە ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی ئەو رێگەیە بگرمەبەر، ئەگەر چەند ساڵێکی دیکە باسی تۆنی کرووس بکەن، هەمیشە حەزمدەکرد بەو شێوەیە بژیم کە ئێستا هەم و هەمیشە ویستوومە کاتێک ریال مەدرید بەجێدەهێڵم لە بەرزترین ئاستدابم، من واز لە تۆپی پێ دەهێنم، چونکە هەمیشە دەمگوت لێرە واز لە یارییکردن دەهێنم، ئەمە ئەوەیە کە روودەدات، لەگەڵ ئەڵمانیا بەشداری لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپادا دەکەم، بەڵام هەرگیز بیرم لە گۆڕینی یانەکەم نەکردووەتەوە، تەنانەت لە 10 ساڵی رابردووشدا، دەمەوێت هەمووتان ئەوە بزانن."
 
ئەم پەیامەی تۆنی کرووس لەکاتێکدایە، یانەی ریال مەدرید لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا رایگەیاند، لە دوای کۆتاییهاتنی یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2024، تۆنی کرووس بەیەکجاری واز لە یارییکردن دەهێنێت.


 
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "کرووس بەم بڕیارە یاریزانانی یانەی شاهانەی تووشی شۆککردووە، کەس بەبڕیارەکەی نەزانیووە و دوێنێ ئەو یاریزانە بڕیارەکەی بە کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید راگەیاندووە."
 
تۆنی کرووس لە 2014 لە یانەی بایرن میونشنەوە پەیوەندیی بە ریال مەدریدەوە کردووە و یەکێک بووە لە کاریگەرترین ئەستێرەکانی مێژووی ئەو یانەیە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا.
 





 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە