کوڕ و باوک دەیانەوێت گورزێک لە مێسی بدەن

رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی ریال مەدرید ئامانجی ئەوەیە لە میرکاتۆی هاوینەی داهاتوودا، ئەلێکسیس ماکالیستەری ئەرجەنتینی، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی لیڤەرپوول بباتە ریزەکانی. کە لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی تانگۆدا بە یەکێک لە نزیکەکانی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی هەڵبژاردەکە دادەنرێت.
 
مێرینگێ هەوڵی بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاستی یانەکەیە، ئەمەش لەبەر رۆشنایی کۆتاییهاتنی گرێبەستەکانی تۆنی کرووسی ئەڵمانی و لۆکا مۆدریچی کرواتی لەگەڵ تیپەکە لە کۆتایی وەرزدا.
 
رۆژنامەی سەنی بەریتانی رایگەیاندووە کە یانەی ریال مەدرید لەسەر داوای کارلۆ ئەنچێلۆتی و دەیڤدی کوڕی، سوپرایزێکی گەورە ئامادە دەکات، لە رێگەی خواستی بۆ گواستنەوەی ماکالیستەر.
 
لە راپۆرتەکەدا روونیکردووەتەوە، کارگێڕیی مێرێنگێ پێیانوایە ماکالیستەر یاریزانێکی گونجاو دەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەگەری لەدەستدانی لۆکا مۆدریچ لە هێڵی ناوەڕاست، لانیکەم دوای وەرزێکی دیکە.
 
ریال مەدرید لە ئێستاوە دەستیکردووە بە پەیوەندیکردن بە لیڤەرپوولەوە، بەمەبەستی پرسیارکردن لە دۆخی یاریزانە ئەرجەنتینییەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی فەرمی نییە.
 
گرێبەستەکەی ئەو ئەستێرە ئەرجەنتینییە لەگەڵ لیڤەرپوول، بڕگەی مەرجی سزایی تێدایە، کە بڕەکەی 60 ملیۆن یۆرۆیە، کە ریال مەدرید یان هەر یانەیەکی دیکە دەتوانن سوودی لێوەربگرن.
 
راپۆرتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، ریال مەدرید ئێستا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ مۆدریچ بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە، بەو پێیەی باس لەوە دەکرێت کە ئەستێرەی کرواتی رازییە بە وەرگرتنی مووچەیەکی کەمتر، بۆ ئەوەی بۆ وەرزی سیانزدەم بەردەوام بێت لە مانەوە لە یانەکە. لە کاتێکدا تۆنی کرووسیش بڕیاریداوە لە دوای یۆرۆ بەیەکجاری واز لە یاریکردن دەهێنێت.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، ماکالیستەر ساڵی رابردوو بە بڕی 40 ملیۆن پاوەند لە برایتنەوە پەیوەندی بە لیڤەرپوولەوە کرد. یاریزانە ئەرجەنتینییەکە لەم وەرزەدا بەشداری لە 32 یارییدا کردووە لە خولی نایابی ئینگلیزی. هەروەها 45 یاری لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا بە درێسی رێدزەوە ئەنجامداوە.
 
هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەگەر ئەنچێلۆتی و کوڕەکەی توانیان ماکالیستەر ببەنە ریال مەدرید، ئەو کارەیان وەک گورزێک دەبێت بۆ لیۆنێل مێسی، کە بەهیچ شێوەیەک حەزناکات هاوڕێکانی بچنە ریال مەدرید.