لاپۆرتا سوورە لەسەر دووبارەکردنەوەی سیناریۆی دەرکردنی مێسی

رووداو دیجیتاڵ
 
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا ئاشکرایکردووە، خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بڕیاریداوە چاڤی هێرناندێزی راهێنەری تیپی یەکەم لە پۆستەکەی دووربخاتەوە. دەشڵێت "لاپۆرتا هێشتا بڕیاری خۆی نەگۆڕیوە و سوورە لەسەر دەرکردنی چاڤی".
 
چاڤی لەمیانی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی بەر لە رووبەڕووبوونەوەی ئەلمێریا شەڕی نێوان خۆی و لاپۆرتای هەڵگیرساند، کاتێک رەخنەی لە دۆخی سەختی ئابووری یانەکەی گرت و ئاماژەی بە سەختی رکابەریکردنی ریال مەدرید و یانە ئەوروپییەکان کرد.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، لاپۆرتا هێشتا بەنیازە هەفتەی داهاتوو چاڤی لە پۆستەکەی دووربخاتەوە، هەرچەندە هەندێک لە هاوکارە نزیکەکانی ئامۆژگارییان کردووە کە جارێکی دیکە بیر لە بڕیارەکەی بکاتەوە بەهۆی ئەو کاریگەرییەی کە ئەگەری هەیە لەسەر دۆخی ئابووری هەیبێت، بەو پێیەی تێچووی دەرکردنی چاڤی و ستافەکەی بە نزیکەی 20 ملیۆن یۆرۆ مەزەندە دەکرێت.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەبەر رۆشنایی بارودۆخی ئێستا، رافایێل مارکێزی مەکسیکی، راهێنەری تیپی لاوانی یانە کەتەلۆنییەکە، دیارترین کاندیدە بۆ جێگرتنەوەی چاڤی لە ماوەی داهاتوودا.
 
مارکێز پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ لاپۆرتا و دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە هەیە، زۆر شت لەبارەی یانەکەوە دەزانێت، دەستبەکاربوونی ئاسانتر دەبێت.
 
سەبارەت بە بژاردەی دووەم بۆ کارگێڕیی بارسا، هانسی فلیکی راهێنەری ئەڵمانییە، راهێنەری پێشووی یانەی بایرن میونشن و هەڵبژاردەی مانشافت، سەرەڕای بوونی هەندێک ئاستەنگ لەبەردەمیدا بەو پێیەی راهێنەرەکە لەگەڵ سروشتی یانەکە و لەگەڵ شێوازی تۆپی پێی ناگونجێت، جگە لەوەش جیاوازی زمان کێشەیەکی دیکەیە کە فیلیک زمانی ئیسپانی نازانێت.
 
دوای بردنەوەی بارسێلۆنا لە رایۆ ڤاییکانۆ بە ئەنجامی 3-0، کە لە یاریگەی مۆنتجیک بەڕێوەچوو، خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا و دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە کاژێر 10ـی شەو بە کاتی ئیسپانیا چاڤییان بینیوە، وەک چۆن زۆرجار دوای ئەو یارییانە روودەدات کە لەسەر خاکی بارسا بەڕێوەدەچن.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە چاوپێکەوتنێکی ئاسایی بووە، و هیچ بڕیارێک نەدراوە، دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی سەرەتا رۆیشتووە، دواتر ماوەیەکی کەم دوای ئەو، لاپۆرتاش رۆیشتووە. بەڵام چاڤی دوای ئەوان گوتوویەتی "هێشتا متمانەیان بە منە".
 
بەشێکی زۆر لە هاندەرانی بارسێلۆنا زۆر لە خوان لاپۆرتا ناڕازی و تووڕەن و پێیانوایە ئەو سەرۆکە بە سیاسەت و بڕیارە هەڵەکانی زیانێکی زۆری بە یانەکەیان گەیاندووە و تەنانەت هەندێکیان بەوە تۆمەتباری دەکەن کە دەیەوێت هەمان سیناریۆی دەرکردنی مێسی لەگەڵ چاڤی دووبارە بکاتەوە.