بنزیما پەشیمانە و دەیەوێت لە سعودیە بڕوات

 
رووداو دیجیتاڵ

کەریم بنزیما، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی ئیتیحادی سعودی پەشیمانە و دەیەوێت لە خولی سعودیە بڕوات.
 
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری رێلیڤۆی ئیسپانی، کەریم بنزیما بە کەسە نزیکەکانی گوتووە، هەست بە پەشیمانی دەکات لە تاقیکردنەوەی ئەزموونی یارییکردن لە یانەی ئیتیحاد، بە بەراورد لەگەڵ مانەوە لە ریال مەدرید.
 
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، هێرشبەرە فەرەنسییەکە لە یانە سعودییەکە دڵخۆش نییە و دەیەوێت لە یانەی ئیتیحاد بڕوات.
 
سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە، لە دژی رۆیشتنی کەریم بنزیمایە و دەیانەوێت بەلای کەمەوە یاریزانەکە سێ ساڵی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە تەواو بکات.
 
جگە لەوەش لە ئەگەری رۆیشتنی لە ئیتیحاد، سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە پلانێکی دیکەی، ئەویش گواستنەوەی یاریزانەکەیە بۆ یانەیەکی دیکەی سعودیە، بەڵام بنزیما بیر لە گەڕانەوە بۆ خولەکانی ئەوروپا دەکاتەوە و ئامادەیە گوێ لەو دەستەوارانە بگرێت کە لە گواستنەوەی هاوینەدا پێشکێشی دەکرێن.
 
بنزیمای 36 ساڵ لە هاوینی 2023 پەیوەندیی بە یانەی ئیتیحادەوە کرد، دوای ئەوەی 14 ساڵ لە یانەی ریال مەدرید مێژوویەکی گەورەی تۆمارکرد و بووە یەکێک لە ئەستێرەکانی ئەو یانەیە، بەڵام لەگەڵ یانە سعودییەکە سەرکەوتوو نەبووە.
 
کەریم لە ریزەکانی یانەی ئیتیحاد لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکانی ئەم وەرزەدا 29 یاریی ئەنجامداوە، خاوەنی 13 گۆڵە و 8 گۆڵی دروستکردووە، یانەکەی لە خولی سعودیە لە پلەی پێنجەمی ریزبەندە و ئەنجامەکانی لەم وەرزەدا وەکو پێویست نین.
 
پێشتر راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان رایانگەیاندبوو، کێشە لەنێوان کەریم بنزیما و مارسێلۆ گایاردۆ، راهێنەری یانەی ئیتیحاد هەیە، بۆیە ئەگەری هەیە لە هاویندا یەکێکیان لە یانەکە بڕوات.