لەگەڵ مێسیدا دەچیتە سعودیە؟ بۆسکێس وەڵام دەداتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سێرجیۆ بۆسکێس، ئەستێرەی ناوەڕاست و کاپتنی یانەی بارسێلۆنا، باسی چارەنووس و داهاتووی خۆی کرد لە وەرزی داهاتوودا، پاشئەوەی رۆیشتنی لە یانەی بارسێلۆنا راگەیێنرا.
 
بۆسکێس رۆیشتنی لە یانە کەتەلۆنییەکە راگەیاندووە، هەندێک سەرچاوە باس لە چوونی ئەو یاریزانە بەئەزموونە بۆ خولی سعودیە دەکەن.
 
پێشتر هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەڤانی ئاشکرایانکردبوو، ئانتۆنێلای هاوژینی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی پاریس سانجێرمان، بۆسکێسی رازیکردووە هەردوو ماڵباتەکە پێکەوە بچنە سعودیە و مێسی و بۆسکێس لەوێ جارێکی دیکە لە تیپێکدا دەستبکەنەوە بە یارییکردن.
 
مانگی داهاتوو، گرێبەستی بۆسکێس لەگەڵ بارسا کۆتایی دێت و بەوەش کاروانی دوورودرێژی ئەو یاریزانە لەگەڵ بارسا، کۆتایی دێت.
 
بۆسکێس لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "هەمووان حەزدەکەن و هیواخوازن لەگەڵ لیۆدا یاریی بکەن.. ئەو باشترینی جیهانە، بەڵام چارەنووسی من بەوەوە پەیوەست نییە".
 
کاپتنی بارسێلۆنا زیاتر دەڵێ، "هەموو کەسێک خێزان و ژیانی تایبەت و بژاردەی خۆی هەیە و ناکرێ بەکەسێکی دیکەوە ببەسترێتەوە".
 
تاوەکو ئێستا، بۆسکێس چارەنووسی خۆی لەدوای بارسێلۆنا ئاشکرا نەکردووە، هاوکات لیۆنێل مێسی کە هاوینی ئەمساڵ گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان تەواو دەبێت، تاوەکو ئێستا گرێبەستەکەی نوێنەکردووەتەوە و سەرچاوەکان دووپات لەوە دەکەنەوە مێسی چیدی لە سانجێرمان نامێنێتەوە.