چاڤی هاندەرانی ریال مەدرید نیگەران دەکات

21-05-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن چاڤی هێرناندێز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا دەڵێت "دۆڕانمان بەرامبەر ریال سۆسیداد شتێکی ئاسایی بوو و گۆڵەکەی کیسێ بەرامبەر ریال مەدریدیش جوانترین یادەوەریی ئەم وەرزەیە."
 
چاڤی هێرناندێز لەبارەی دۆڕانەکەیان بەرامبەر یانەی ریال سۆسیداد گوتی "بەشێوەیەکی سرووشی ئێمە حەزمان لە دۆڕان و نەبوونی باشترین هەست نییە، بەڵام دۆڕانەکە ئاسایی بوو، بەدرێژایی ئەم هەفتەیە ئاهەنگمان دەگێڕا، لە کۆتاییدا یارییمانکرد، تاوەکو کۆتایی هەوڵماندا و چانسی گۆڕینی بارودۆخەکەمان هەبوو، بەڵام ئەوەندە ورد نەبووین و کاریگەر نەبووین، ئەوان لە پێناو زۆرشتدا یارییاندەکرد، ئەوان دەیانەوێت وەرزی داهاتوو لە چامپیۆنزلیگ یاریی بکەن، بۆیە پێموایە سەرکەوتنێکی شایستەبوو بۆ ئەوان، زۆر دڵخۆشم بە ئاهەنگەکان، هاندەرانی بارسێلۆنا پێویستیان بەم هەست و رۆژە خۆشانە هەیە، ئەو رۆژەش لەسەر شەقامەکان بە بینینیان دڵخۆشبووم بۆیە سوپاسیان دەکەم."
 
رۆژنامەڤانێک پرسیاری لە چاڤی کرد کە خۆشترین یادەوەریی لەم وەرزەی لالیگادا چی بووە؟ ئەو دەڵێت "خۆشترین یادگاریی ئەم وەرزە گۆڵەکەی فرانک کیسێ بوو بەرامبەر ریال مەدرید کە 2-1 بردمانەوە، ئەو گۆڵە زۆر شتی پێبەخشین، هەروەها ساتی گرنگمان هەبوو وەک بردنەوە لە ڤالێنسیا و بردنەوە لە پامپلۆنا لە ئۆساسۆنا، پێموایە هەموو ئەوانە گرنگ بوون، بەڵام گۆڵەکەی فرانک کیسێ بەرامبەر ریال مەدرید جیاوازییەکەی کردە 12 خاڵ، ئەوە هەنگاوێکی گرنگ بوو، هەنگاوێکی سەرەکی بۆ بردنەوەی نازناوەکە و یادەوەرییەکی خۆشە."
 
بارسێلۆنا لە یاریی شەوی رابردووی لالیگادا بەرامبەر یانەی ریال سۆسیداد لە یاریگەی خۆیدا بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ دۆڕا و سێ خاڵی لەدەستدا، بەڵام ئاهەنگی بۆ بردنەوەی لالیگا گێڕا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە