ئەمڕۆ 12 خاڵ لە یوڤێنتوس دەشکێنرێت


رووداو دیجیتاڵ

یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی رووبەڕووی مەترسیی لێشکاندنی ژمارەیەکی زۆری خاڵ لە کۆی خاڵەکانی، لە وەرزی ئەمساڵی سێری ئا دەبێتەوە، بەهۆی تۆمەتبارکردنی بە دەستکاریکردنی سەرمایە و 'زەبەلاحکردنی سەرمایە'.
 
ماڵپەری 'توتو مێرکاتۆ' ئاشکرایکردووە ئەمڕۆ یانەی یوڤێنتوس چارەنووسی خۆی لەبارەی شکاندنی ژمارەیەک خاڵەوە رووندەبێتەوە، ئەوەش یانەکە دەخاتە بەردەم مەترسیی بەشدارینەکردن لە چامپیۆنزلیگی ساڵی داهاتوو.
 
میدیای ئیتاڵیا دەڵێن، "داواکاری گشتیی ئیتاڵیا پێشتر بڕیاریدابوو 15 خاڵ لە کۆی خاڵەکانی یوڤێنتوس لە وەرزی ئەمساڵدا بشکێنێت، بەڵام دواتر بڕیارەکەی خۆی هەڵپەسارد، ئێستا جارێکی دیکە داواکاری گشتی بڕیاریداوە لە نێوان 12 یان 13 خاڵ لە کۆی خاڵەکانی وەرزی ئەمساڵی یوڤێنتوس ببڕێت و ئەمڕۆ بڕیارەکە رادەگەیێنرێت".
 
یوڤێنتوس، ئێستا لە پلەی دووەمی خولی ئیتاڵیایە و 69 خاڵی هەیە، پێویستی بەبردنەوەی یاریی خۆی لە ئیمپۆلی هەیە کە ئەمڕۆ ئەنجامدەدرێت، لەپێناو مسۆگەرکردنی گەیشتنی فەرمی بە چامپیۆنزلیگی ساڵی داهاتوو.
 
ئەگەر بیانکۆنێری سەرکەوتن بەسەر ئیمۆلیدا بەدەست بهێنێت، جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ میلانی خاوەنی پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولەکەدا بۆ هەشت خاڵ بەرز دەکاتەوە، لە کاتێکدا رکابەرییەکانی خولی ئیتاڵیا تەنیا دوو گەڕیان ماوە.
 
داواکاری گشتیی ئیتاڵیا یانەی یوڤێنتوسی تۆمەتبارکردووە بە دەستکاریکردن و زەبەلاحکردنی سەرمایەکەی لە بەهای هەندێک یاریزاندا. بە نموونەی ئەوەی هەندێک یاریزانی بەنرخێک کڕیووە و دواتر لە دەستنیشانکردنی بەهای ئەو یاریزانەدا، نرخەکەی زیادکردووە و ئەوەش لەبەرئەوەی یوڤێنتوس کۆمپانیایە و خاوەن پشکە، بە پێشێلکاری یاسایی دادەنرێت.