ڤیدیۆ؛ لایپزیگ بۆ بەرژەوەندی دۆرتموند، بایرنی لەنێوبرد

21-05-2023
ئیحسان تاهیر
Photo by Christof STACHE / AFP
Photo by Christof STACHE / AFP
نیشانەکردن بایرن میونشن لایپزیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی بایرن میونشن، هەلێکی زێڕینی بۆ دەستگرتن بە پێشەنگی خولی ئەڵمانیای لەدەستدا و 3 خاڵی گرنگی بەفێڕودا و دەرفەتی بە بۆرووسیا دۆرتموندی رکابەری دا بچێتە پێشەنگی خولەکە.
 
لە گەڕی 33 و پێشکۆتایی ئەم وەرزەی بوندێسلیگادا، بایرن میونشن لەسەر یاریگەی ئالیانز ئارێنا میوانداری لایپزیگی و 1-3 پێیدۆڕا.
 
تیپی خاوەن یاریگە، سەرەتا بە گۆڵی سێرج نابری لە خولەکی 25 پێشکەوتنی بەدەستهێنا، کە نیوەی یەکەم بەو تاکە گۆڵە کۆتاییهات.
 
لە گێمی دووەمدا لایپزیگ باشتر دەرکەوت و سووربوو لەسەر یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە، و لە خولەکی 64 لە رێگەی کۆنراد لایمەرەوە گۆڵی یەکسانبوونەوەی تۆمارکرد.
 
پاشان تیپی میوان لێدانێکی سزای بۆ هەژمارکرا و کریستۆفەر نکونکو لە خولەکی 76 بەسەرکەوتوویی جێبەجێیکرد.
 
لەکاتێکدا بایرن لە یارییەکەدا هەوڵی گەڕانەوەی دەدا، تۆپێک بەر دەستی نەسیر مەزراوی مەغریبی کەوت و لێدانی سزای دووەم بۆ لایپزیگ هەژمارکرا، کە ئەمجارە دۆمینیک سزۆبۆسلای جێبەجێیکرد و گۆڵی سێیەم و بردنەوەی بۆ تیپی میوان تۆمارکرد، بەمەش ژمارەی خاڵەکانی بۆ 63 خاڵ لە پلەی سێیەمدا بەرزکردەوە.
 
بایرن تەنیا پێویستی بە بردنەوەی دوایین دوو یاریی هەبوو بۆ ئەوەی دڵنیابێت لە بەدەستهێنانی نازناوی 11ـی لەسەریەک، بەڵام سەرکەوتنە سەرسوڕهێنەرەکەی لایپزیگ لە میونشن، دەرفەتی بە دۆرتمۆند بەخشی بچێتە پێشەنگ، کە ئەمڕۆ لە دەرەوەی یاریگاکەی رووبەڕووی ئۆگسبۆرگ دەبێتەوە، کە گەرەنتی بردنەوەی نازناوەکەی کەوتووەتە دەستی خۆی و ئەگەر ئەمڕۆ لە ئۆگسبۆرگ بباتەوە و دوایین یارییشی لە ماینز بباتەوە، کۆتایی بە دەسەڵاتی 10 ساڵەی بایرن وەک پاڵەوانی ئەڵمانیا دێنێت و دەبێتە پاڵەوانی بوندێسلیگا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە