دهۆک و پێشمەرگەی هەولێر جامی کوردستان یەکلادەکەنەوە

21-05-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جامی کوردستان یانەی دهۆک یانەی پێشمەرگەی هەولێر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ ئێوارە لەسەر ئاستی وەرزشی کوردستان، چاوەکان لەسەر یاریگەی فرانسۆ هەریری دەبن، بۆ یەکلاکردنەوەی نازناوی جامی کوردستان، کاتێک هەردوو یانەی پێشمەرگەی هەولێر و دهۆک رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
یارییەکە کاژێر 18:00 بەڕێوەدەچێت، چاوەڕواندەکرێت ژمارەیەکی زۆری هاندەر بۆ بینینی یارییەکە لە یاریگە ئامادەبن، یارییەکە راستەوخۆ لە پەیجی رووداو سپۆرتس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بە کۆمێنتاریی کوردی دەگوازرێتەوە.
 
هەردوو یانەی پێشمەرگەی هەولێر و دهۆک رۆژی شەممە، دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانیان بۆ یارییەکە ئەنجامدا و بە تەواوی بۆ یاریی کۆتایی جامی کوردستان ئامادەن.
 
پێشمەرگەی هەولێر بەسەرکردایەتی سەمیر بابۆ، نازناوی ئەم وەرزەی خولی یانە نایابەکانی کوردستانی بردووەتەوە، دەیەوێت دووەم نازناو لەم وەرزەدا بەدەستبهێنێت و بەهەمووان بڵێت من گەورەی تۆپی پێی کوردستانم، یانەی دهۆکیش بە پێکهاتەیەکی تێکەڵ لە یاریزانی لاو و بە ئەزموون خۆی بۆ یارییەکە ئامادەکردووە و دەیەوێت یەکەم نازناوی جامی کوردستان بباتەوە.
 
یانەی دهۆک بۆ ئەم یارییە پاڵپشتییەکی گەورەی هاندەرانی دەبێت و چاوەڕواندەکرێت سەتان هاندەر لە دهۆکەوە بچنە هەولێر بۆ ئەوەی لە یاریگەی فرانسۆ هەریریدا پاڵپشتیی یانەکە بکەن.
 
رۆژێک بەر لە بەڕێوەچوونی یارییەکە، راهێنەری هەردوو یانە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیان لەبارەی دوایین ئامادەکارییەکانی تیپەکانیان ئەنجامدا، سەمیر بابۆ، راهێنەری یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەڵێت "هەموو راهێنەرێک دەیەوێت بردنەوەی جامی کوردستان لە بەرژەوەندی خۆی یەکلابکاتەوە، بەڵام ئێمە لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر کارمان لەسەر ئەوە کردووە کە کەسایەتیی وەرزشیی کوردستان پێشانی هەموو لایەک بدەین."
 
راهێنەری پێشمەرگەی هەولێر دەڵێت "بردنەوەی نازناوی خولی نایابی کوردستان بۆ ئێمە بووەتە پاڵنەرێکی زۆرباش، هەرچەند لە خولی کوردستان لەرووی ریزبەندی خولەکەوە ئێمە و دهۆک زۆر لە یەکدی جیاوازبووین، بەڵام هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەی ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنین و بەشێوەیەکی گشتی تیپەکەم بۆ یارییەکە ئامادەیە.

 
لەلایەن خۆیەوە عەلی وەحیدەدین، راهێنەری یانەی دهۆک لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئامادەکارییەکی زۆرباشمان کردووە، بەهەمان شێوەی سەرەتای وەرگرتنی یانەکە تیپەکە بەڕێوەدەچێت، پشتبەخوا ئامادەکارییەکی زۆرباشمان کردووە و هیواخوازین یارییەک بکەین لە ئاستی یارییەکەدا بێت، دەزانین کە یارییەکە گرنگە و لە گرنگیی رووبەڕووبوونەوەکە تێدەگەین کە ئەمە پاڵنەرێکی زۆرباش دەبێت بۆ تیپەکە."
 
راهێنەری یانەی دهۆک دەڵێت "سوپاسی ئەو یاریزانانە دەکەم کە لە تیپی خولی عێراق و کوردستان یارییدەکەن، بەڵام زۆرینەی یارییەکان بەو یاریزانانە یارییمانکردووە کە لاون و لە تیپی خولی کوردستان یارییدەکەن، بەڵام یاریزانانی خولی عێراق هاوکارییانکردین بۆ ئەوەی لە ریزبەندی خولی کوردستاندا تیپەکە بپارێزین، بەڵام هەرچییەک بێت ناوی یانەی دهۆک بۆ ئێمە گرنگە و هەموومان یەک ئامانجمان هەیە کە ناوی دهۆکە و دەمانەوێت بگەینە ئامانجەکەمان."

 
لە قۆناخی 32می جامەکەدا، یانەی پێشمەرگەی هەولێر بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە ئاکرێی بردەوە، دهۆک بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە 5-3 سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی برایەتی بەدەستهێنا.
 
لە قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکەدا، یانەی پێشمەرگەی هەولێر بە 3-2 بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە لە یانەی سۆرانی بردەوە، یانەی دهۆک بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە بە 4-3 سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی هەولێر بەدەستهێنا و هەردوو یانە گەیشتنە قۆناخی هەشت.
 
لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا، دهۆک سەرکەوتنی بەرامبەر ئارارات بەدەستهێنا و 3-2 یارییەکەی بردەوە، یانەی پێشمەرگەی هەولێر 2-1 سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی سیروانی نوێ بەدەستهێنا.
 
لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی کوردستاندا، هەردوو یانەی پێشمەرگەی هەولێر و دهۆک هەریەکەیان چوار گۆڵیان تۆمارکرد، دهۆک 4-1 لە شەقڵاوەی بردەوە و پێشمەرگەی هەولێریش 4-0 سەرکەوتنی بەرامبەر قەڵادزێ بەدەستهێنا و هەردوو یانە گەیشتنە یاریی کۆتایی و ئەمڕۆ رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە دەکەن.



 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە