بارسێلۆنا تۆپەکەی خستە یاریگەی مێسی

21-05-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

رافا یوستی، جێگری سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، خواستی یانە کەتەلۆنییەکەی پشتڕاستکردەوە بۆ گەڕاندنەوەی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی، ئەفسانەی پێشووی بلاوگرانا.
 
ئەو بەرپرسەی بارسێلۆنا لە لێدوانەکانیدا، کە فابریزیۆ رۆمانۆ، شارەزای بەنێوبانگ لە بواری گواستنەوەی یاریزانان، لە رێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە، گوتی "گەڕانەوەی مێسیم پێخۆشە، بێگومان ئەوەش بەندە بە بڕیارەکەیەوە".
 
یوستی ئاماژەی بەوەشکرد "هیوادارین وەرزی داهاتوو مێسی لێرە بێت".
 
ماوەی گرێبەستەکەی مێسی لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە کۆتایی ئەم وەرزەدا کۆتایی دێت، لە هەمانکاتدا رەتیدەکاتەوە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پایتەختی فەرەنسا نوێبکاتەوە.
 
ناوی مێسی پەیوەندییەکی بەهێزی بە گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی بارسێلۆناوە هەیە، سەرەڕای بوونی دەستەوارەیەکی خەیاڵی لەسەر مێزەکەی، کە لەلایەن یانەی هیلالی سعودیەوە پێشکێشیکراوە و ئەو یانەیە ئامادەیە ساڵانە زیاتر لە 400 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچە بە مێسی بدات.
 
تەنانەت هەندێک لە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو کە یانەی هیلال دەستەوارەیەکی نوێی بۆ مێسی ناردووە و ئامادەیە بۆ دوو ساڵ بڕی یەک ملیار یۆرۆی پێبدات.
 
لە لایەکی دیکەوە، ماتیۆ ئەلێمانی، بەڕێوەبەری تۆپی پێی یانەی بارسێلۆنا، لەبارەی ئەگەری گەڕاندنەوەی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئێستای یانەی پاریس سانجێرمان، قسەی کردووە و لێدوانەکانی لەلایەن فابریزیۆ رۆمانۆوە بڵاوکراونەتەوە، کە دەڵێت "کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی مێسی؟ ئەو کۆتایی بە پاڵەوانێتی خولی فەرەنسا دەهێنێت، دەبێت رێز لە پاریس سانجێرمان بگرین".
 
ئەلێمانی، دەشڵێت "کاتێک پاریس سانجێرمان خولەکە تەواودەکات، دەبینین چی روودەدات".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە