ریال مەدرید سێ ئەزمووندارەکەی دەهێڵێتەوە و شەش یاریزان بەڕێدەکات

21-05-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە یانەی ریال مەدرید لە چوارچێوەی چاکسازی و خۆرێکخستنەوە و پتەوکردنی پێکهاتەکەی، بڕیاری ژمارەیەک گۆڕانکاری داوە.
 
لە دوای شکستی قورسی ریال مەدرید بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، دەنگۆکانی گۆڕانکاریی گەورە لەو یانەیە سەریانهەڵداوە.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، کارگێڕیی ریال مەدرید ئاراستەی ئیشکردنی خۆی بەمەبەستی نوێکردنەوەی پێکهاتەکەی دەستنیشانکردووە.
 
ریال مەدرید دەیەوێت ژمارەیەک یاریزانی ناکاریگەر و بەشدارینەکردوو لە زۆرینەی یارییەکانی وەرزی ئەمساڵی تیپەکە بەڕێبکات و گرێبەست لەگەڵ ژمارەیەک یاریزانی نوێدا بکات.
 
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی ئیسپانی دەڵێ، هەریەکە لە کەریم بنزیما، لۆکا مۆدریچ و تۆنی کرووس، وەرزی داهاتووش لەگەڵ ریال مەدرید بەردەوام دەبن.
 
هەروەها دەڵێ، هەمان شت بەسەر هەریەکە لە دانی سیبایۆس و مارکۆ ئاسینسیۆشدا جێبەجێ دەبێت، گەرچی ماوەیەک دەنگۆی ئەوە لەئارادایە ئەو دوو یاریزانە گرێبەستەکانیان بۆ نوێ ناکرێتەوە.
 
گۆڕانکارییەکانی ریال مەدرید بریتی دەبن لە بەڕێکردن و فرۆشتنی ژمارەیەک یاریزان، لەوانەش ماریانۆ دیاز و ئاندرێ لونین کە یانەکە دەیەوێت بەهەر شێوەیەک لە پێکهاتەکەی دووریان بخاتەوە و لە ئێستاوە بەشوێن جێگرەوەی لونیندا دەگەڕێت.
 
ریال مەدرید هەروەها هەوڵدەدات هەریەکە لە ئیدین هازارد، ئالڤارۆ ئۆردزیۆلا، خیسۆس ڤاییخۆ و فێرلان مێندی بفرۆشێت و لەجیاتی ئەو یاریزانانە ژمارەیەک یاریزانی نوێ بهێنێتە ریزەکانی.
 
تاوەکو ئێستا هەوڵەکانی ریال مەدرید بۆ هێنانی یاریزانی نوێ تەنیا لە جود بیلینگهامی ئەستێرەی ناوەڕاستی بۆرووسیا دۆرتمۆنددا قەتیسماون و کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەریش باسی لەوە کردووە کە تیپەکەی بەشوێن هێرشبەرێکی یەدەگ بۆ کەریم بنزیمادا دەگەڕێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە