ڤیدیۆ.. بارسێلۆنا بە دۆڕانەوە ئاهەنگی بۆ بردنەوەی لالیگا گێڕا

21-05-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
بارسێلۆنا
بارسێلۆنا
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا پاڵەوانی لالیگا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا لە شەوێکی تایبەت و سەرنجڕاکێشدا دۆڕا و ئاهەنگی بۆ بردنەوەی لالیگا گێڕا.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 35ـی لالیگا و سێ گەڕ بەر لە کۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی خولەکە، یانەی بارسێلۆنا میوانداریی یانەی ریال سۆسیدادی کرد، بەهۆی ئەوەی لە یاریی رابردوودا بردنەوەی نازناوی لالیگای مسۆگەرکردبوو، یانەی ریال سۆسیداد رێڕەوی رێزلێنانی بۆ یاریزانانی یانەی بارسێلۆنا دروستکرد.
 
یارییەکە 5 خولەکی بەسەردا تێپەڕی میکێل مێرینۆ، لە ئەنجامی هەڵەیەکی ژول کوندێ گۆڵێکی بۆ یانەی ریال سۆسیداد تۆمارکرد و یانەی میوانی پێشخست.
 
دوای ئەم گۆڵە، بارسێلۆنا زۆر هەوڵیدا ئەنجامەکە یەکسانبکاتەوە، بۆ ئەوەش چەند هێرشێکی یەک لە دوای یەکی بردە سەر گۆڵی میوانەکەی، بەڵام بێ ئەنجام بوو.
 
ریال سۆسیداد لە نیوەی یەکەمدا هەلی ئەوەی بۆ رەخسا گۆڵی دووەم بکات، بەڵام سوودی لە هێرشەکان وەرنەگرت.
 
لە نیوەی دووەمدا لە خولەکی 71 ئەلیکساندەر سۆرلوس گۆڵێکی دیکەی بۆ ریال سۆسیداد تۆمارکرد و یانەکەی لە بردنەوەی یارییەکە نزیککردەوە.
 
سێرخیۆ بوسکێس گۆڕانکاریی پێکرا و لەنێو چەپڵەرێزانی هاندەرانی یانەکەدا، یاریزانەکە لە یاریگە چووە دەرەوە.
 
بەر لە کۆتاییهاتنی یارییەکە بە چەند خولەکێک رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی گۆڵێکی بۆ بارسێلۆنا تۆمارکرد و ئەنجامەکەی کەمکردەوە، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو و بارسێلۆنا لە شەوی ئاهەنگی بردنەوەی لالیگادا دۆڕا.
 
دوای یارییەکە سێرخیۆ بوسکێس، وەک کاپتنی یانەی بارسێلۆنا چووە سەر ستەیج و جامی لالیگای بەرزکردەوە، کە ئەمە جاری یەکەمە دوای رۆیشتنی مێسی بارسێلۆنا نازناوەکە دەباتەوە و 27ـەم نازناوی خولەکەیە یانە کەتەلۆنییەکە بەدەستیدەهێنێت.
 
جگە لە بردنەوەی نازناوەکە و ئاهەنگی بەدەستهێنانی لالیگا، ئەم یارییە بووە ماڵئاوایی بوسکێس لە یانەی بارسێلۆنا، کە 15 ساڵە لە تیپی یەکەمی یانەی بارسێلۆنا یارییدەکات و 18 ساڵە لە یانەکەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە