"کیلیان ئێمباپێ ریال مەدرید شۆک دەکات"

رووداو دیجیتاڵ

 

ماوریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی بەنێوبانگ و پسپۆر لە گواستنەوەی یاریزانان، رایگەیاند کیلیان ئێمباپێ بڕیاریداوە لەگەڵ پاریس سانجێرمان بەردەوام بێت و نەچێتە ریال مەدرید.
 
لە کاتێکدا کە بڕیارە لە چەند کاژێری کەمی داهاتوودا، کیلیان ئێمباپێی یاریزانی فەرەنسیی یانەی پاریس سانجێرمان دوابڕیاری لەسەر داهاتووی ئاشکرا بکات، رۆمانۆ بۆمبەکەی تەقاندەوە و رایگەیاند "ئێمباپێ لە پاریس دەمێنیتەوە و ناچێتە ریال مەدرید".
 
بە گوێرەی هەندێک سەرچاوەی دیکەی نزیک لە یاریزانەکە، ئێمباپێ خۆی مانەوەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان رادەگەینێت.
 
کیلیان ئێمباپێ، کە لە هاوینی ساڵی 2017 بەرامبەر بە 180 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی مۆناکۆوە پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانەوە کردووە، بڕیاری دابوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریسی نوێ نەکاتەوە و پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات، بەڵام دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر لە لایەن پاریس سانجێرمانەوە، وادیارە ئەو یاریزانە رازی بووە بەرامبەر پارەیەکی زۆر لە یانەکەی بمێنێتەوە.
 
ئەم هەواڵە بەرپرسان و هاندەرانی ریال مەدریدی تووشی شۆک کردووە، کە یاریزانە فەرەنسییەکە لە سۆشیاڵ میدیادا هێرشێکی زۆری لەسەرە و هەوادارانی یانەی شاهانەبە "ناپاک و خۆفرۆش" وەسفی دەکەن و دەڵێن "یاریزانێک بەڵێنەکەی بشکێنێت، شایەنی ئەوە نییە ببێتە یاریزانی ریال مەدرید".