چیرۆکی ژیان و نهێنییەکانی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید

21-05-2022
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن فلۆرێنتینۆ پێرێز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

خۆی ئەندازیارە، بە ئەندازیاری مەزنترکردن و پەرەپێدانی یانەی ریال مەدریدیش دادەنرێت. سیاسییەکی دێرینە، سیاسییانەش مامەڵە لەگەڵ دونیای وەرزشدا دەکات. بزنسمانە و سەرۆکایەتیکردنی زەبەلاحترین یانەی وەرزشیی لە دونیادا بەدەستەوەیە. ئەمانە هەموویان لە یەک کەسایەتیدا کۆبوونەتەوە، فلۆرێنتیۆ پێرێز، سەرۆکی ئێستای ریال مەدریدی ئیسپانی.
 
پێرێز لە گەڕەکی هۆرتالیزای مەدرید لەدایکبووە، ئێستا تەمەنی 75 ساڵە. خۆی دەڵێ، لە منداڵییەکی زووەوە بوومە عاشقی ریال مەدرید، ئەوەش ئەوکاتەی زۆر بەبچووکی باوکم بردمی و یانەکەی پێشاندام. ناوی پێرێز بە گالاکتیکۆسەوە بەستراوەتەوە، ئەو کاتێک ساڵی دوو هەزار بۆ یەکەمجار هاتە نێو پێشبڕکێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی یانەکەوە، بەڵێنی دروستکردنی گالاکتیکۆسی بەدەنگدەرەکانیدا. لەوەش زیاتر گوتی، لویس فیگۆ لە بارسێلۆناوە دەهێنمە ریال مەدرید. دواتریش بەڵێنەکانی خۆی بردە سەر، لەپاڵ فیگۆدا، زینەدین زیدان، رۆناڵدۆ نازاریۆ، داڤید بێکهام و چەندین ئەستێرەی دیکەی هێنایە یانەکە.
 
پێریز پاش شەش ساڵ کارکردن وەک سەرۆکی ریال مەدرید، لە هەڵبژاردنەکاندا دۆڕا، بەڵام دواتر ساڵی 2009 گەڕایەوە و سەردەمی دووەمی گالاکتیکۆسی بە هێنانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کەریم بنزیما، کاکا و چابی ئەلۆنسۆ دەستپێکرد. ئەو گوتوویەتی باشترین یاریزانەکانی جیهان دەبێ درێسی ریال مەدرید بپۆشن، هەر بۆیەش کاتێک بیر لە ریال مەدرید دەکەمەوە، دەبێ هەمیشە لە ئەستێرەکانیش گەورەتر لە خۆ بگرێت، دەبێ پێکهاتەکەی ریال مەدرید، هەسارەکان بن نەک تەنیا ئەستێرەکان.
 
پێرێز، کاتێک بۆ جاری دووەم بووەوە سەرۆکی یانەکە، یاساکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی گۆڕی، ئەو کردییە مەرج ئەوەی دەبێتە سەرۆک پێویستە تەمەنی ئەندامیەتی لە یانەکە لە بیست ساڵ کەمتر نەبێت، هەروەها خاوەنی سامانێک بێت کە بەرامبەر 15 لەسەدی کۆی بەهای یانەی ریال مەدرید بێت.
 
فلۆرێنتینۆ پێشتر ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی مەدرید بووە. بەکالۆریۆسی لە ئەندازەی شارستانیدا بەدەستهێناوە. وەک سیاسیەکیش خۆی بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی ئیسپانیا لەسەر پارتی چاکسازیی دیموکرات لە ساڵی 1986دا هەڵبژارد، بەڵام سەرکەوتنی بەدەستنەهێنا و بەیەکجاری دونیای سیاسەتی بەجێهێشت و روویکردە کاری بزنس و دواتر کۆمپانیای تایبەت بەخۆی دروستکرد.
 
لای پێرێز، ریال مەدرید لەسەروو هەموو شتێک و هەموو کەسێکەوەیە، ئەو لەبەر بەرژەوەندی یانەکەی راهێنەرە گەورەکان و یاریزانە هەرە دیارەکانیش دووردەخاتەوە، زۆر بەئاسانی دەستبەرداری هەموو ئەستێرەیەک دەبێت. لەکارلابردنی دەیان راهێنەر و بەڕێکردنی ئەستێرەکانی وەک مەسعود ئۆزێل، دیماریا، کاسیاس، سێرجیۆ رامۆس و تەنانەت رۆناڵدۆش بەڵگەن لەسەر شێوازی جیاوازی بیرکردنەوەی پێرێز. ئەو پێیوایە ریال مەدرید، ناوی راهێنەر و یاریزانەکان گەورە دەکات، نەک بەپێچەوانەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە