محەممەد سەڵاح روونکردنەوە دەداتە ریال مەدرید

21-05-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن محەممەد سەڵاح ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی میسریی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی روونکردنەوەیەک دەدات سەبارەت بە لێدوانێکی پێشووی، کە تێیدا باسی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی کردبوو.
 
ئەستێرەی رێدز پێشتر لە لێدوانێکیدا، رایگەیاندبوو "حەزدەکات لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی ریال مەدرید ببێتەوە بۆ ئەوەی تۆڵەیان لێبکاتەوە".
 
مەبەستی سەڵاحی تەمەن 29 ساڵان، تۆڵەسەندنەوەی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2018 بوو، کە تێیدا سەڵاح تووشی پێکان بوو، ریال مەدرید 3-1 لە لیڤەرپوولی بردەوە و لە نازناوەکەی بێبەشکرد.
 
هیوای محەممەد سەڵاح هاتەدی و ریال مەدرید سەرەڕای ئەوەی لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتاییدا 3-4 بە مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی دۆڕا، لە یاری گەڕانەوەدا ریمۆنتادای بەسەر مان سیتیدا کرد و گەیشتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، کە بڕیارە رۆژی 28ـی ئەم مانگە لە پاریس ئەنجام بدرێت.
 
محەممەد سەڵاح، لە لێدوانێکی نوێدا رایگەیاند، بێگومان زۆر دڵخۆشە کە لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی ریال مەدرید دەبێتەوە و گوتی "بەداخەوە هەندێک کەس هیواخوازیی منیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید بە هەڵە لێکدایەوە، وەک ئەوەی من ناهەقییەکم بەرامبەر ئەو یانەیە کردبێت".
 
ئەو زیاتر گوتی "ئێمە باسی بەهێزترین یانە لە مێژووی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەکەین، من لەبەر ئەوەی لە رابردوودا روویداوە هیوام خواستووە رووبەڕوویان ببینەوە".
 
ئەستێرەی رێدز دووپاتیکردەوە کە یارییەکەیان بەرامبەر ریال مەدرید لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ زۆر زەحمەت دەبێت، بەو پێیەی رووبەڕووی یانەیەک دەبنەوە کە لە بەهێزترین یانەکانی پاڵەوانێتییەکەی بردووەتەوە و پاریس سانجێرمان، چێڵسی و مانچێستەر سیتی دەرکرد.
 
محەممەد سەڵاح لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، دووپاتیشیکردەوە کە زۆر بەپەرۆشە بۆ ئەنجامدانی ئەو یارییە و گوتیشی گەشبینە سەبارەت بە بردنەوەی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە