خۆپێشاندەران کۆپا ئەمریکایان لە کۆڵۆمبیا دوورخستەوە

رووداو دیجیتاڵ

بە فەرمی مافی میوانداریکردنی یارییەکانی کۆپا ئەمریکا لە کۆڵۆمبیا وەرگیرایەوە.

دوای ئەوەی دەیان کەس لە چوارەمین رۆژی بێکاریی نەتەوەییدا، لەدژی حکومەتی سەرۆک ئیڤان دوک خۆپیشاندانیان کرد بە فەرمی کۆڵۆمبیا لە میوانداریکردنی یارییەکانی کۆپا ئەمریکا پاشەکشەی کرد کە بڕیاربوو مانگی داهاتوو بە هاوبەشی لەگەڵ ئەرجەنتین میوانداری بکات، ئەمەش یەکەمجاربوو دوای 105 ساڵ کە دوو وڵات بەیەکەوە میوانداری یارییەکانی کۆپا ئەمریکا بکەن.

خۆپیشاندەران لە دەوروبەری یاریگاکە کۆبوونەوە بۆ رەتکردنەوەی ئەو پاڵەوانێتییە کیشوەرییە، کە لەم هەفتانەی دواییدا لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور و حکومەتی کۆڵۆمبییەوە پەسەندکراوە، ئەمەش حکومەتی وڵاتەکەی ناچارکرد بە قسەی خۆپێشاندەران بکات، چونکە تاوەکو ئێستا 15 خۆپێشاندەر کوژراون.

ئارنێستۆ لوسینا وەزیری وەرزشی کۆڵۆمبیا بە فەر داوای لە کۆنمیبۆڵ کرد کۆڵۆمبیا لە لیستەکە ببەنە دەرەوە و ناتوانن ببنە میوانداری کۆپا ئەمریکا تاوەکو هاندەران نەگەڕێنەوە نێو یاریگا.

کۆنمیبۆڵ داوای کۆڵۆمبیای قبوڵکردووە و رایگەیاند لە چەند رۆژی داهاتوودا ناوی ئەو وڵاتە ئاشکرا دەکەین کە شوێنی کۆڵۆمبیا دەگرێتەوە، هەروەها داوای ئەو وڵاتە رەتکرایەوە کە پاڵەوانێتییەکە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ و گەڕانەوەی هاندەران دوابخرێت.

پاڵەوانێتییەکە رۆژی 13ـی مانگی داهاتوو لە بۆینس ئایرس دەستپێدەکات، ئەرجەنتین یاری دەستپێک و 12 یاری لەخۆدەگرێت، لە وڵاتی دووەمیش کە چیلی نزیکترین وڵاتە بۆ ئەو میوانداریکردنە، یاری کۆتایی و 13 یاری وەردەگرێت.