ڤیدیۆ؛ ریال دەیەوێت بە بردنەوە لە بارسێلۆنا کات و بیرکردنەوەی بۆ بایرن تەرخان بکات

رووداو دیجیتاڵ

هەلی رەخساو بۆ کۆتاییهێنان بە هەموو شتێکی پەیوەست بە رکابەرییەکان لەسەر نازناوی لالیگا و خۆیەکلاکردنەوە بۆ بەردەوامبوون لە چامپیۆنزلیگ، باشترین دروشمی ریال مەدریدە لە کلاسیکۆی ئەمشەودا، کاتێک میوانداریی بارسێلۆنا دەکات.
 
ریال مەدرید کە بەر لە یارییەکە هەشت خاڵ لە نزیکترین رکابەرییەوە دوورە، ئامانجی سەرەکی لە یارییەکەدا کۆتاییهێنان بەمشتومڕەکانی لالیگای ئەمساڵە، تاوەکو یاریزانەکانی تیپەکە، ئارامانە بیر لە رووبەڕووبوونەوەکانی بایرن میونشن لە چامپیۆنزلیگ بکەن.
 
ئەگەرچی بردنەوەی ریال مەدرید لە کلاسیکۆدا، لە رووی کردەنییەوە هەموو شت لەبارەی نازناوی لالیگاوە یەکلاناکاتەوە، بەڵام کاتێک جیاوازییەکە ببێتە یانزە خاڵ، ئیدی بارسێلۆنا بەئاسانی وزەی ئەوە لە خۆیدا نابینێتەوە لە وەرزی کۆتایی کارکردنی لەگەڵ چاڤی هێرناندێزی راهێنەر، درێژە بەململانێ لەسەر نازناوی لالیگا بدات.
 
پرسیاری سەرەکی لە کلاسیکۆدا ئەوەیە، ریال مەدرید ئەو توانا جەستەییە لە خۆیدا دەدۆزێتەوە، لە یارییەکەی ئەمڕۆدا نازناوی لالیگا کۆتایی پێبهێنێت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە هەمووان بەشوێن وەڵامەکەیدا دەگەڕێن و دەکرێ وەڵامی هەندێک بەڵێ و وەڵامی هەندێکیش نەخێر بێت.
 
دەکرێ وەڵامەکە بەڵێ بێت، چونکە تیپەکە پاڵنەری مانەوی و هاندەری گەورەی دەروونیی بۆ بردنەوەی یارییەکە و گەیاندنی رکابەریی لەسەر لالیگا بەدێڕی کۆتایی هەیە و دەکرێ کلاسیکۆ وەک دوایین وێستگە تەماشا بکات تاوەکو ئیدی بەخەیاڵێکی ئارامەوە بیر لەوە بکاتەوە چۆن بایرن میونشن لە چامپیۆنزلیگ تێپەڕێنێت.
 
تاوەکو ئێستا هاندەرێکی ریال مەدریدم نەبینیوە خەمباربێت لەبارەی شێوازی یاریکردنی تیپەکەوە، لەوانەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا هەندێک لەوانە ببینین، بەڵام دەزانم کە هەمووان زۆر دڵخۆشن و هەر دەشبێ بەو شێوەیە بن، چونکە تیپەکە هەموو توانای خۆی خەرجدەکات و دۆخەکان تێدەپەڕێنێت.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، لەبارەی یارییەکەوە دەڵێت "ئێمە ئەمڕۆ بەرامبەر تیپێکی زۆر رکابەر یارییدەکەین کە لەماوەی رابردوودا ئاستی زۆر باشبووە، ئێمە دڵنیان لەوەی ئەمەی ئەمڕۆش کلاسیکۆیەک دەبێت وەکئەوەی چاوەڕێ دەکەین بیبینین، رکابەرییانە و جەنگاوەرییانە، ئەمە هەلێکی مەزنە بۆ ئێمە تاوەکو بەهۆی کلاسیکۆوە لە بردنەوەی لالیگا نزیکتر ببینەوە، بەلەبەرچاوگرتن و هەستکردن بە هەموو ئەو زەحمەتییانەش کە رووبەڕوویان دەبینەوە، چونکە بارسێلۆنا هێشتا بەپێوە ماوە".
 
دەکرێ وەڵامەکە نەخێر بێت و ئەو جەنگە تاکتیکیی و جەستەیی گەورەیەی یانەکە لە چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر مانچێستەر سیتی ئەنجامیدا، بڕستی لە یاریزانەکانی یانەکە بڕیبێت و کەمێک بێخەمیان بکات لە جەنگەکەی کلاسیکۆ، چونکە یانەکە هێشتا کات و یاریی لەبەردەستدا دەمێنێت بۆ ئەوەی ئاراستەی کەشتییەکەی لالیگا بەرەو کەناراوەکانی مەدرید ببات.
 
پێشبینیکراو نییە ریال مەدرید بێبایەخانە تەماشای یارییەکە بکات و ململانێکانی ناوی بکات، چونکە کلاسیکۆ لە هەر کات و سات و لەسایەی هەر دۆخێکدا بەڕێوەبچێت، هەر کلاسیکۆیە و لای ریال مەدرید بارسا یەکێکە لەو تیپانەی کە دۆڕان پێی، هێڵی سوورە لەبیرکردنەوەی هەموواندا.
 
ریال مەدرید ئەگەر توانای جەستەیی پێکهاتە سەرەکییەکەشی هاوکاری نەبێت بۆ ئەوەی کلاسیکۆ بباتەوە، دەتوانێ لانیکەم جەنگی یەکسانبوون لە یارییەکەدا بکات و بەوەش جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ بارسێلۆنا لە هەشت خاڵدا بهێڵێتەوە و بەوەش بەکەمترین زیان و زۆرترین قازانجەوە لە یارییەکە بچێتە دەرەوە.