لە ئەوروپا چی روویدا و سوپەرلیگ چۆن راگیرا؟

21-04-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سوپەرلیگ
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

دوای 48 کاژێر لە راگەیاندنی پاڵەوانێتییەکی نوێی تۆپی پێ لەسەر ئاستی ئەوروپا بەناوی سوپەرلیگ، ئەو پاڵەوانێتییە لەژێر گوشاری زۆری هاندەراندا راگیرا.

شەوی 18ـی نیسانی 2021، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید و ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتییەکە، رێکخستنی سوپەرلیگی راگەیاند و ئاشکرایکرد کە 12 یانەی گەورەی ئەوروپا، کە لە هەریەکە لە مانچێستەر سیتی، مانچێستەر یونایتد، لیڤەرپوول، چێڵسی، ئارسیناڵ، تۆتێنهام، ریال مەدرید، بارسێلۆنا، ئاتلێتیکۆ مەدرید، یوڤێنتوس، میلان و ئینتەر پێکهاتبوون راگەیاند.

پێرێز لە یەکەم دەرکەوتنیدا وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتییەکە زیاتر لە 2 کاژێر قسەیکرد و دووپاتیکردەوە، کە سوپەرلیگ ئامانجی سەرەکی لە رێکخستنی بۆژاندنەوەی ئابووری یانەکە و گوتی " بە ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکە چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو قەیرانە دەدۆزینەوە کە یانەکان تێی کەوتوون".

راگەیاندنی پاڵەوانێتییەکە هەر زوو لەلایەن یۆفا و فیفاوە کاردانەوەی دروستکرد و لە ماوەی 48 کاژێردا، بەبەردەوامی چاودێری بارودۆخەکەیان کرد، لە یەکەم کاردانەوەدا یۆفا پاڵەوانێتییەکەی رەتکردەوە و ئەلیکساندەر چێفرین، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا گوتی " ئەو یاریزانانەی لە پاڵەوانێتییەکەدا یارییدەکەن رێگەیان پێنادرێت، بەشداری لە یارییەکانی یۆرۆ و مۆندیالدا بکەن".

فیفا نیگەرانی خۆی پێشاندا و لە یەکەم کاردانەوەیدا گوتی " ئێمە پاڵەوانێتییەکی لەو شێوەیە رەتدەکەینەوە".

هاندەران لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهان، بەشێوەی جیاواز ناڕەزایەتیان پێشاندا، تەنانەت راهێنەر و هاندەرانی ئەو یانانەشی کە بڕیاری بەشداریکردنیان لە پاڵەوانێتییەکەدا دابوو، لە دژی یانەکانیان وەستانەوە، هەر زوو هاندەرانی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی دژایەتی یانەکەیان راگەیاند و گوتیان، چیدیکە پاڵپشتی لە یانەکە ناکەن، یاریزانانی یانەی لیدز یونایتد بە درێسێکی تایبەتەوە دەرکەوتوون کە لەسەری نووسرابوو، تۆپی پێ بۆ هاندەرانە.

کاردانەوەکان بەردەوامیان هەبوو، بۆریس جۆنسۆ، سەرۆکوەزیری بەریتانیا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و ئێریک مامەر، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا هاتنە سەرهێڵ و پاڵەوانێتییەکەیان رەتکردەوە.

وەزیری رۆشنبیری بەریتانیا هەڕەشەیەکی گەورەی لە یانەکانی وڵاتەکەی کرد و گوتی " ئەگەر لە بڕیارەکەیان پەشیمان نەبنەوە، ناچار دەبین کارتی نیشتەجێبوون لە یاریزانەکانیان وەربگرین و رێگە نەدەین، هیچ یانەیەک بێتە نێو خاکی بەریتانیا و ناچاریان دەکەین، یارییەکانیان لە کیشوەری ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن".

دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا قسەیکرد و گوتی " " دەبێت بە روونی قسەبکەن و ئەوان لە فیفا بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەنجامدانی پاڵەوانێتی سوپەرلیگی ئەوروپی نین، ئەمە هیچ گومانێکی تێدانییە".

سەرۆکی فیفا زیاتر گوتی " ئەو یانانەی بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکەن، دەچنە دەرەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا و جیهان، ئەوە نییە کە هەردووکیان بکەیت، بەڵام کاتێک بڕیاری رۆیشتن دەدەن، پێویستە دەرئەنجامەکانیشی قبوڵ بکەن".

جیانی دەڵێت " فیفا دامەزراوەیەکی دیمۆکراسییە و هەموو لایەنێک دەتوانێت رای خۆی پێشانبدات، بەڵام بە رێزەوە".

دوای ئەو ئەلیکساندەر چێفرین، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا، لە رێگەی پەیامێکەوە هەڕەشەی لە یانە بەشدارەکان کرد و گوتی  " هەندێک کەسی خۆپەرست هەوڵی کوشتنی ئەم وەرزشە جوان و ناوازەیە دەدەن، بۆ ئەوان چوونە دەرەوە لە چامپیۆنزلیگدا شکستێکی وەرزشی نییە، بەڵکو بازرگانی بەلایانەوە گرنگترین شتە و نایانەوێت مەترسیان لەسەر دروستببێت".

چێفرین زیاتر گوتی " ئەو یانانەی پێیان وایە گەورەن، ئەمڕۆ دەبێت بیریان بێت لە کوێوە هاتوون، دەبێت بیریان بێت کە بەهۆی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا، ئێستا ئەوان گەورەن.

سەرۆکی گەورەترین دامەزراوەی تۆپی پێی ئەوروپا دەڵێت " لە دڵەوە سوپاسی ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان دەکەم، ئەو پێشانیدا کەسێکی ناوازەیە و رێز لە بەهاکانی تۆپی پێ دەگرێت".

لەبارەی ئەو گۆڕانکارییانەی لە چامپیۆنزلیگدا دەکرێن، سەرۆکی یۆفا گوتی، ئەو گۆڕانکارییانەی لە 2024ـەوە دەستپێدەکەن سازش کردن نییە، بەڵکو لە چەند رۆژی رابردوودا پەسەندکراوە و ماوەیەکی زۆریشە کاری لەسەردەکەین، بۆیە ئەم چاکسازییە دەبێتە داهاتووی تۆپی پێ، بەڵام هەندێک کەسی خۆپەرست هەوڵی تێکدانی ئەم یارییە جوانە دەدەن.

ئێوارەیەکی زوو هاندەرانی یانەی چێڵسی، رژانە سەر شەقامەکانی لەندەنی پایتەختی بەریتانیا و لە بەردەم یاریگەی ستامفۆرد بریچ بە هەڵگرتنی بانەری جیاواز، دژایەتی خۆیان بۆ بڕیاری یانەکەیان بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکە پێشاندا، بەهۆی خۆپیشاندانی هاندەرانەوە، یاریی نێوان چێڵسی و برایتۆن لە پرێمەرلیگدا 15 خولەک لە کاتی خۆی درەنگتر دەستیپێکرد.

دوای ئەو ناڕەزایەتییەی هاندەرانی یانە لەندەنییەکە، هەواڵی کشانەوەی چێڵسی لە پاڵەوانێتییەکە بڵاوکرایەوە، بەڵام بەرلەوەی ئەو یانەیە بەفەرمی هەواڵەکە پشتڕاستبکاتەوە، یانەی مانچێستەر سیتی وەک یەکەم یانە و یەکێک لە دەوڵەمەندترین یانەکانی ئەوروپا و جیهان کشانەوەی خۆی لە پاڵەوانێتییەکە راگەیاند.

دوای ئەوە یانەی ئارسیناڵ کشانەوەی خۆی راگەیاند و داوای لێبوردنی کرد، پاشانیش هەر چوار یانەکەی دیکەی ئینگلتەرا، لیڤەرپوول، مانچێستەر یونایتد، چێڵسی و تۆتێنهامیش کشانەوەی خۆیان راگەیاند و پاڵەوانێتی سوپەرلیگیان بەتەواوی لەناوبرد.

دەستەی بەڕێوەبردنی سوپەرلیگ، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە راگرتنی پاڵەوانێتییەکەی بەشێوەیەکی کاتی راگەیاند و دەڵێت " یانەکانی ئینگلتەرا ناچارکراون کە لە پاڵەوانێتییەکە بچنە دەرەوە، جارێکی دیکە بە پلانی نوێوە دەگەڕێینەوە".

دەستەکە لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت " پاڵەوانێتییەکە هەڵنەوەشاوەتەوە و بە دوای رێگەیەکی دیکەدا دەگەڕێین بۆ ئەنجامدانی، چونکە بەم رێگەیە ناتوانن بگەنە ئامانجەکەیان".

تاوەکو ئێستا یانەکانی ئیسپانیا و ئیتالیا بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆیان لەبارەی مانەوە و چوونە دەرەوە لە پاڵەوانێتییەکەدا پێشاننەداوە، بیپی مارۆتا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی ئینتەرمیلان گوتی " ئەگەری هەیە لە پاڵەوانێتییەکە بکشێینەوە".

بەهۆی ئەم گۆڕانکارییە خێرایانەی لە تۆپی پێی ئەوروپادا روویاندا، ئید وودوارد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی مانچێستەر یونایتد دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێشکرد و لە کۆتایی ئەمساڵدا لە یانەکە جیادەبێتەوە.

بەهۆی دواخستنی پاڵەوانێتییەکە چەندینجار دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی ئاندریا ئانێلی، سەرۆکی یانەی یوڤێنتوس بڵاوکرایەوە، بەڵام ئەو ئەم دەنگۆیانەی رەتکردەوە.

میدیای بەریتانیا دەڵێت " خاوەنی یانەی لیڤەرپوول بیر لە فرۆشتنی یانەکەی دەکاتەوە".

دواخستنی سوپەرلیگ لە چاوی میدیادا

رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ " سوپەرلیگ مرد، برێکسێتی لە لاپەرەی یەکەمی رۆژنامەکەی نووسیووە، کە دەستەواژەی بەریتانیا بوو بۆ جیابوونەوە لە یەکێتیی ئەوروپا و دەڵێت " ئێستا یانەکانی بەریتانیا هەمان کاریان کرد".

رۆژنامەی ئەی ئێس " ئینگلتەرا سوپەرلیگی تەقاندەوە".

رۆژنامەی سپۆرت " سوپەرلیگ لەناوچوو".

رۆژنامەی دەیلی ئێکسپرێس " هێزی هاندەران سەرکەوت".

رۆژنامەی ئیندیپێندێنت " سوپەرلیگ لەناوچوو".

رۆژنامەی گاردیان " جەنجاڵیی سوپەرلیگ، چێڵسی و سیتی هەڵیانوەشاندەوە.

دەیلی تێلیگراف " خۆشی سوپەرلیگ، مانچێستەر سیتی و چێڵسی رۆیشتن و شەوێکی پڕ درامایان بەجێهێشت.

دەیلی مەیل " وایان زانی کە تەوابووە، سوپەرلیگ دوای کشانەوەی دراماتیکی سیتی و چێڵسی شکا".

پاڵەوانێتی سوپەرلیگ، بڕیاربوو هاوینی داهاتوو بەبەشداریی 20 یانە بکرێت کە 15 یانەی هەمیشەیی وەک دامەزرێنەر بەشداریان لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکرد و 5 یانەش ساڵانە بانگهێشتدەکران، بەڵام ناڕەزایەتیی هاندەران پاڵەوانێتییەکەیان راگرت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە