ریال مەدرید ناتوانێت لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ یاریی بکات

رووداو - هەولێر

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەیەوێت ئەو یاریانەی لەم وەرزەدا لە خول و پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا ماون، لە یاریگەیەکی دیکە ئەنجامبدات لە جێگەی یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ.

رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی رایگەیاند، ریال مەدرید پلانی داناوە یارییەکانی دیکەی ئەم وەرزە لەسەر یاریگەی ئەلفرێدۆ دیستیفانۆ ئەنجامبدات، لە ئەگەری تەواوکردنی یارییەکانی لالیگا بەبێ ئامادەبوونی هاندەران.

بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید دەیانەوێت کارەکانی نۆژەنکردنەوەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە ماوەیەکی نزیکدا تەواوبکەن.

یاریگەی ئەلفرێدۆ دیستیفانۆ، یاریگەیەکی بچووکە و لە ساڵی 2016 لە کۆمەڵگەی وەرزشی ڤالدیبێباسی تایبەت بە یانەی ریال مەدرید کراوەتەوە و تیپی ریال مەدرید کاستیا یارییەکانی تێدا ئەنجامدەدات.



بەپێی راپۆرتەکە ریال مەدرید ئامادەیە هەموو ئامادەکارییەک بکات و ئەو ئامێرانەی بۆ بەکارهێنانی ڤار لە یاریگەکەدا پێویستن لەو یاریگەیەدا جێبکاتەوە

ریال مەدرید لەم وەرزەی لالیگادا 6 یاریی لەنێو یاریگەی خۆی ماوە و بەرامبەر، ئیبار، ڤالێنسیا، مایۆرکا، خیتافی، ئالاڤێش و ڤیاریال.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی رایگەیاندووە، دوای نۆژەنکردنەوەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ یاریگەکە بنمیچێکی نوێی بۆ دروستدەکرێت کە دەتوانرێت بە تەواوی دابخرێت، ئەمەش وەک جوانکارییەکی زیاتر بۆ یاریگەکە.