دەستەی یانەکانی عێراق دروستدەکرێت

21-04-2020
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن دەستەی یانەکانی عێراق
A+ A-

رووداو - هەولێر 

سەرۆکی یانەی نەفتی ناوەڕاست رایگەیاند، دەستەیەک دروستدەکەن بۆ باشترکردن و بەهێزکردنی خولی عێراق و پاراستنی مافی یانەکان.

فیراس بەحرلعلوم، وەرزشوانێکی دێرینی عێراقە، ئێستا سەرۆکی یانەی نەفتی ناوەڕاستە لە نەجەف، خاوەن بیرۆکەی دروستکردنی دەستەی یانە بایابەکانی عێراقە.

خولی نایابی عێراق، درێژترین خولە لەسەر ئاستی جیهان، لەبەرئەوەی کاتی دەستپێکردن و تەواوبوونی دیارنییە، هەروەها بەردەوام یەکێتیی تۆپی پێی عێراق رووبەڕووی ئەوە دەبێتەوە کە خولەکە دوابخات.

فیراس بەحرلعلوم، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "ئەو دەستەیە دروستدەکەین لە عێراق، لەبەرئەوەی زۆر کەموکوڕی دەبینم لە خولەکەمان و کاروبارەکانیدا، هەربۆیە دەمەوێت کاروبارەکانی داهاتوو بەشێوەیەکی پڕۆفیشناڵانە و بەشێوەیەکی پیشەگەرانە بکرێن".

20 یانەی عێراق، پێشنیازەکەی سەرۆکی یانەی نەفتی ناوەڕاستیان پەسەند کردووە، ئێستا 7 کەس دەستنیشانکراون، بۆ نووسینەوەی پلان و پەیڕەوی ناوخۆی دەستەکە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکەن و دەستەکە بە فەرمی بناسێنن.

بەحرلعلوم کە نووسراوی فەرمی بۆ یەکێتیی تۆپی پێی عێراق ناردووە، روونیکردەوە "دواکەوتنێکی زۆر لە خولی عێراق دەبینم و دابەزینێکی زۆر لە ئاست و پێوەرەکاندا هەیە، هەر بۆیە بیرمان لە کردنەوەی خولێکی تایبەتی پیشەگەر کردووەتەوە، لە رێگای پەیوەندییە تایبەتەکانمان لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا کاری باشمان کردووە لەپێناو خزمەتکردن بە وەرزشی وڵاتمان".

ئەم دەستەیە بەرنامەیەکی ئامادەکردووە کە دەبێت سەرۆکەکەی کەسێکی بێلایەن بێت و هەموو یانەکان یەک دەنگ بن لە کاتی بڕیارەکاندا، هەروەها قبوڵ ناکەن یەکێتیی تۆپی پێی عێراق زۆر خولەکان دوابخات، لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی یاریزانەکان و دەرئەنجامی خراپی لەسەر هەڵبژاردەی عێراق هەیە.

ئەو بەرپرسە وەرزشییە، گوتیشی "دەبێت لە رووی هونەری و پەخشی راستەوخۆ خولی عێراق پێشکەوتنی هەبێت و مافی یانەکانیش پارێزراو بێت لە هەموو لایەنێکەوە. هەروەها بووژاندنەوەی خەزێنەی یانەکانی لە لایەنی دارایی و راکێشانی سەرنجی زیاتری هاندەران بۆ هاتنە نێو یاریگەکان ئامانجێکی دیکەیان دەبێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە