رۆناڵدۆی دیاردە: ناوی من کریستیانۆ بێزاردەکات

رووداو - هەولێر

رۆناڵدۆ نازاریۆ، دیاردەی تۆپی پێی بەرازیل و ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، باسی ئەو جیاکارییەی کرد، کە دەخرێتە نێوان ناوی خۆی و کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرە پۆرتوگالی.

رۆناڵدۆی دیاردە، لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییدا، لەگەڵ فابیۆ کاناڤارۆی کاپتنی پیشووی هەڵبژاردی ئیتالیا، گوتی "بۆ رۆناڵدۆ بێزارکەرە، کاتێک هەوادارانی تۆپی پێ من بە رۆناڵدۆی راستەقینە نێودەبەن، بەڕاستی ناکرێت بەراوردێکی لەم شێوەیە بکرێت".

دیاردە هەروەها گوتی "کریستیانۆ بەهۆی گۆڵەکانی و بەردەوامیەتی خۆی لەسەر پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز، بە بەشێک لە مێژووی تۆپی پێ دەمێنێتەوە".

نازاریۆ لە بارەی کریستیانۆوە، زیاتر گوتی "ئەو وەک لیۆنیل مێسی یەکێکە لە باشترین یاریزانانی جیهان".

سەبارەت بە رۆیشتنیشی لە بارسێلۆنا، رۆناڵدۆی دیاردە، گوتی "ساڵی 1997 لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل یارییەکمان لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتالیا هەبوو، ئەوکات هیچم لەبارەی چارەنووسی خۆم نەدەزانی، بەڵام دواتر گرێبەستەکەم لەگەڵ بارسا نوێکردەوە، کەچی دوای 5 رۆژ جوسێپ نۆنێزی سەرۆکی یانەکە لە بڕیارەکە پاشگەزبووەوە، ئینتەرمیلانش بارودۆخەکەی قۆستەوەو گرێبەستی لەگەڵ کردم".