وەرزشوانێکی لەشجوانی لەنێو پارکدا راهێنانەکانی دەکات

 
 
رووداو - سلێمانی

سەرتیپ یاریزانێکی لەشجوانییە و داخستنی هۆڵەکانی لەشجوانی نەبووەتە بەربەست لە بەردەوامیدان بە وەرزشەکەی، وەکو خۆشەویستێکی بەوەفا بەردەوامە لە گرینگیدان بە وەرزشەکەی کە ماوەی چوار ساڵە لەگەڵیدایە و لە پارکەکاندا راهێنانەکانی دەکات.
 
سەرتیپ نووری، یاریزانی لەشجوانییە و دەڵێت، "پەنجا رۆژ زیاترە بۆ پێشگیریکردن لە بڵاوبونەوەی کۆرۆنا بڕیاری داخستنی هۆڵەکان دراوە و منیش بۆ ئەوەی لە راهێنانەکانم دانەبڕێم، لەو ڕۆژەوە دەچم بۆ پارکەکان لەوێ یارییەکانم دەکەم".
 
ئەو ئامێر و کەرەستانەی لە هۆڵە وەرزشییەکان مەشقی پێدەکردن، ئێستا خۆی بە بلۆک و ئاسن بۆ خۆیی دروست کردوون.
 
لەو بارەیەوە سەرتیپ باسی لەوە کرد، "80%ی ئەو ئامێرانەی لە هۆڵەکانی وەرزش هەن، من خۆم خۆم دروستم کردوون و راهێنانەکانم دەکەم، بەڵام ئەگەر وامنەکردایە و لە یاریکردن داببڕامایە، کێشم بەرز دەبووەوە، چونکە ئەو کەسانەی لە یاریکردن دادەبڕێن، لەشیان تێکدەچێتەوە و کێشیان زیاد و کەم دەکات و باری دوروونیشیتان تێکدەچێت".
 
سەرتیپ لەنێو یەکێک لە باخچەکانی پارکی ئازادیی سلێمانی لەنێو سرووشتی دڵڕفێن و هەوای پاکژ رۆژانە کاژێرێک بۆ دوو کاژێر وەرزش دەکات.
 
ئەو وەرزشوانە ئاماژەی بەوە دا، "لەنێو سرووشتدا بەشێوەیەکی زۆر باشتر لەشی یاریزان سوود لە راهێنانەکان دەبینێت، چونکە راستەوخۆ خۆر لێتدەدات و رێژەی ڤیتیامین دی لە لەشدا بەرز دەبێتەوە. هەروەها پاکژیی هەواکە یارمەتیی هەناسە دەدات و هۆرۆمنی دۆپامینیش کە هۆرۆمۆنی دڵخۆشییە زیاد دەکات".
 
لەشاری سلێمانی زیاتر لە 150 هۆڵی لەشجوانی و لەشڕێکی هەن و زیاتر لە 20 هەزار یاریزانیش بە بەردەوامی یاری دەکەن، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرناوە زیاتر لە 50 رۆژە لەبەر راگەیاندنی قەدەخەی هاتوچۆ لە وەرزشکردن دابڕاون.