ئەردۆغان لەسەر رووداوەکانی فێنارباخچە و بێشکتاش هاتە دەنگ


رووداو - هەولێر

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لەسەر رووداوەکانی یاریی نێوان هەردوو یانەی فێنارباخچە و بێشکتاش هاتە دەنگ و گوتی ئەوەی روویداوە قبوڵ ناکرێت.

دوای ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی تورکیا لەنێوان هەردوو یانە شەڕ و ئاژاوە روویدا و شەنۆل گونێش، راهێنەری بێشکتاش سەری شکێنرا و یارییەکە تەواونەکرا، ئەردۆغان رایگەیاند، ئەوانەی ئەو کارەیان ئەنجامداوە نابێت لێیان قبوڵ بکرێت.



ئەردۆغان لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، تۆپی پێی تورکیا لەژێر هەڕەشەی تیرۆردایە و پێویستە هەرچی زووە ئەو تیرۆرەی تۆپی پێ چارەسەربکرێت.

سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند، پەیوەندیی بە فیکرەت ئورمان، سەرۆکی بێشکتاش و عەزیز یەلدرم، سەرۆکی یانەی فێنارباخچە کردووە و دڵتەنگی خۆی بەرامبەر ئەو رووداوانە پێشاندا و دووپاتیشیکردەوە هەمیشە کار لەسەر یاریی خاوێن دەکەن.



راوین ستێرک، پەیامنێری رووداو لە ئیستەنبۆڵ رایگەیاند، رۆژی چوارشەممەی داهاتوو فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا لەسەر ئەو رووداوە کۆدەبێتەوە و ئەگەری هەیە فێنارباخچە بە دۆڕاو هەژماربکرێت و بێشکتاش بگاتە یاریی کۆتایی جامی تورکیا.

فێنارباخچە رووداوەکانی ئەو یارییەی بردووەتەوە دادگا و پارێزەری یانەکە دەڵێت، ئەوە پیلانی یانەی بێشکتاش بووە لەدژی ئێمە، لەکاتێکدا یاریی پێشوو لە بەرژەوەندی ئێمە بووەوە و ئێمە نزیکتربووین لەسەرکەوتن.

پارێزەری یانە زەرد و رەشەکە دەشڵێت، ئەگەر وانییە بۆچی شەنۆل گونێش بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەت نەگواستراوەتەوە بۆ ئەوەی راپۆرتی لەسەر ئامادەبکرێت، هەروەها بۆ رێگە نادەن رووداوەکان وەک خۆیان دەربکەون و دەڵێت، 57 ساڵی دیکەش بەسەر رووداوەکان تێپەڕببێت ئەو کەیسە تەواو نابێت و دەستبەرداری نابین.