زیدان تووشی شۆکێکی نوێ بوو

رووداو دیجیتاڵ

 

زینەدین زیدان، راهێنەری پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لە ژیانی راهێنەرایەتیدا تووشی شۆکێکی نوێ بوو. و ئەمجارەش هیواکانی بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا لەنێوچوون.
 
فیلیپ دیالۆ، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنسا، دەرگای لەسەر ئەگەری دەرکردنی دیدی دیشامی راهێنەری ئێستای هەڵبژاردەی فەرەنسا لە هاوینی داهاتوودا داخست، ئەگەر ئەنجامەکانی تیپەکە لە یۆرۆی 2024 هەر چۆنێک بن.
 
دیالۆ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی لۆفیگارۆی فەرەنسی، گوتی "هیچ گومانێکم لە دیشام نییە، کارکردنی ئێستامان بۆ ئەوەیە باشترین و گونجاوترین دۆخ بۆ دیشام و یاریزانەکانی بڕەخسێنین بۆ ئەوەی بتوانن تواناکانیان بخەنەگەڕ. هەروەها هیچ بڕیارێکی پێشوەختە لەبارەی داهاتووی ئەو راهێنەرەوە نادەم".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە "ئێمە یەکێکین لەو تیپانەی کە بەربژێرین بۆ بردنەوەی نازناوەکە، نابێت ئامێری بردنەوەکانمان لەکاربخەین".
 
کاتێک پرسیاری لێکرا، ئایا زیدان چاوەڕێی هەڵبژاردەی فەرەنسا دەکات یان بەدوای یانەیەکی نوێدا دەگەڕێت؟ دیالۆ لە وەڵامدا گوتی "زیدان یەکێکە لە سیمبولەکانی تۆپی پێی فەرەنسا، ئێمە پێزانین و سوپاسگوزارییەکی زۆرمان هەیە بۆ ئەو شتانەی کە بە گەلی فەرەنسا بەخشیوە".
 
سەرۆکی فیدراسیۆنی فەرەنسا، لە درێژەی وەڵامەکەیدا، بۆ ئەو پرسیارەی سەبارەت بە زیدان لێیکرا، گوتی "بەڵام ئێستا باشترین بەڕێوەبەری تەکنیکیمان هەیە لە تۆپی پێی فەرەنسا، ئەویش تاوەکو ساڵی 2026 لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە، ئەنجامەکانی لە یۆرۆدا هەر چۆنێک بن".
 
زیزۆ لە دوای کۆتاییهاتنی خولی دووەمی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لە هاوینی 2021 بێکار ماوەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەواڵەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە چاوەڕێی دەرفەتێکە بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی فەرەنسا.