گەڕانەوەی کرووس و فرۆشی درێسەکانی کاردانەوەی گەورە دروستدەکەن

21-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن تۆنی کرووس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەڵمانیا خۆی بۆ میوانداریکردنی یارییەکانی یۆرۆی 2024 ئامادەدەکات و گەڕانەوەی تۆنی کرووسیش سەر تۆپی هەواڵەکانی ئەو وڵاتەیە.
 
تۆنی کرووس، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ریال مەدرید، دوای سێ ساڵ لە وازهێنانی لە یارییکردنی نێودەوڵەتی جارێکی دیکە بڕیارییدا بگەڕێتەوە نێو هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و بۆ یارییەکانی جامی یۆرۆی 2024 بانگهێشتی هەڵبژاردەکە دەکرێت.
 
گەڕانەوەی ئەستێرە ئەڵمانییەکە بۆ نێو پێکهاتەی مانشافت لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەڵمانیا و جیهان کاردانەوەی گەورەی دروستکرد، درێسەکانی ئەو یاریزانە لەنێو هەڵبژاردەی ئەڵمانیا پڕ فرۆشترین درێسن.
 
بیۆرێن گولدن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەدیداس، کە سپۆنسەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیایە دەڵێت "کاردانەوەکان بۆ گەڕانەوەی تۆنی کرووس زۆر نایاب بوون."
 
بەڕێوەبەرەکە زیاتر قسەیکردووە و دەڵێت "رۆژی دوای راگەیاندنی درێسە نوێیەکەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، فرۆشی درێسەکانی تۆنی کرووس، دوو هێندەی فرۆشی درێسی هەموو یاریزانەکانی دیکە بووە."

 
هەفتەی رابردوو کۆمپانیای ئەدیداس درێسی نوێی هەڵبژاردەی ئەڵمانیای بۆ رکابەرییەکانی یۆرۆی 2024 راگەیاند، کە بەشێوەیەکی سەردەمیانە و زۆر جوان دیزاین کراون، درێسی یەکەمی هەڵبژاردەکە وەکو هەمیشە رەنگی سپییە، هێڵێکی رەش لەسەر هەردوو لای درێسەکە کێشراوە و لەسەر قوڵی درێسەکەش رەنگەکانی ئاڵای ئەڵمانیا نەخشێنراون.
 



تۆنی کرووس لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا خۆی بۆ یارییە دۆستانەکان ئامادەدەکات، رۆژی 23ـی ئەم مانگە یاریزانەکە دوای گەڕانەوەی بۆ نێو ریزەکانی مانشافت یەکەم یاریی دەکات، کاتێک رووبەڕووی فەرەنسا دەبنەوە، دوای سێ رۆژ لەو یارییەش بەرامبەر هۆڵەندا یاریی دەکەن.

 



 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە