رۆبینیۆ نۆ ساڵ زیندانی دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
رۆبینیۆ، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵی تاوانباردەکرێت بەدەستدرێژی سێکسی و سزای نۆ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێنرێت. 
 
لە ساڵی 2017، دادگایەکی شاری میلان لە ئیتاڵیا، رۆبینیۆ و پێنج هاوڵاتی دیکەی بەرازیلی تاوانبارکرد بە دەستدرێژیکردنە سەر ئافرەتێکی ئەلبانی لە ساڵی 2013. 
 
رۆبینیۆ، کە ناوی تەواوی رۆبسۆن دێ سۆزایە، رەتی کردەوە هیچ کارێکی لەو شێوەیەی ئەنجامدابێت و بڕیاریدا لە بەرازیل بمێنێتەوە، کە وڵاتێکە هاوڵاتییەکانی خۆی رادەستی وڵاتانی دیکە ناکاتەوە، بۆیە ئیتاڵیا داوایکرد کە رۆبینیۆ لە وڵاتەکەی خۆیدا سزاکەی بەسەردا جێبەجێبکرێت.
 
دادگای باڵای دادی بەرازیل، کە بەرزترین دادگای وڵاتەکەیە بۆ بابەتی نادەستووری، بڕیاریدا رۆبینیۆ دەبێت ئەو سزایەی لە ئیتاڵیا بۆی دەرچووە بەسەریدا جێبەجێبکرێت و بۆ ماوەی نۆ ساڵ لە بەرازیل زیندانی بکرێت. 
 
رۆبینهۆ کە لە شاری سانتۆس لە دەرەوەی ساوپاولۆ دەژی، لە مانگی ئازاری ساڵی رابردوو پاسپۆرتەکەی رادەستی دەسەڵاتدارانی بەڕازیلی کرد و بەردەوامە لە رەتکردنەوەی ئەو تاوانانەی ئاراستەی دەکرێن و پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئەو ئافرەتەدا لەسەر رەزامەندی خۆی بووە.