بۆ یاریی بەرامبەر ئیتاڵیا، ئینگلتەرا سێ ئەستێرەی لەدەستدەدات


رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لەگەڵ دەستپێکردنەوەی مەشقەکانی بۆ ئامادەسازیی لەپێناو دەستپێکردنی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە یۆرۆی 2024 گورزێکی کاریگەری بەرکەوت.
 
دوای 92 رۆژ لە کۆتاییهاتنی یارییەکانی مۆندیالی قەتەر، یەکەم گەڕی فیفا دەی دەستپێدەکات و هەڵبژاردەکانی ئەوروپا یارییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە یۆرۆ ئەنجامدەدەن.
 
رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، هەڵبژاردەی ئینگلتەرا یەکەم یاریی خۆی لە پاڵاوتنەکان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیتاڵیا ئەنجامدەدات. هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە تواناکانی سێ یاریزانی کاریگەری بێبەش دەبێت.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا رایگەیاندووە، مارکۆس راشفۆردی هێرشبەری هەڵبژاردەکە و یاریزانی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، بەشداریی لە یارییەکەی ئیتاڵیا ناکات، پاشئەوەی لە یاری یانەکەی لە جامی یەکێتیی ئینگلتەرا بەرامبەر فولهام دووچاری پێکان بوو.
 
فیدراسیۆنەکە هەروەها رایگەیاندووە کە ماسۆن ماونت، یاریزانی یانەی چێڵسیش بەهەمان شێوە بەهۆی پێکانەوە لە ریزەکانی هەڵبژاردەکەی دادەبڕێت، ئەمە جیا لە دوورخستنەوەی نیک بۆب، گۆڵپارێزی نیوکاسڵ بەهۆی پێکانەوە و بانگهێشتکردنی فیرزەر فۆرستەری گۆڵپارێزی تۆتێنهام لە جێگەی ئەو.
 
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە کۆمەڵەی سێیەمی پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024 لەگەڵ هەریەک لە هەڵبژاردەکانی ئیتاڵیا، ئۆکراینا، مەسەدۆنیای باکوور و مالتا رکابەری دەکات.
 
یۆرۆی 2024 لە هاوینی ئەو ساڵەدا لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.