باری لەناکاو راگەیێندرا.. هاندەرانی ناپۆلی یارییەکی نێوان ئیتاڵیا و ئینگلتەرایان هەڵوەشاندەوە

21-03-2023
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەڵتراسی یانەی ناپۆلی (هاندەرە سەرشێتەکان) توانیان یارییەکی نێوان هاندەرانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و ئینگلتەرا هەڵبووەشێننەوە، دوای ئەوەی هەڕەشەیان لە رێکخەری یارییەکە کرد. 
 
لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بەرامبەر بە هەڵبژاردەی ئینگلتەرا یاری بکات، یارییەکە لە شاری ناپۆلی و لەسەر یاریگەی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا دەکرێت.
 
لە رۆژی یارییەکەدا بڕیاربوو یارییەکی دۆستانە لە نێوان هاندەرانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و هاندەرانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لەسەر هەمان یاریگە بکرێت، ئەمەش لەپێناو لەیەکدی نزیکبوونەوە و هێوربوونەوەی دۆخی نێوان هاندەرانی ئەو دوو هەڵبژاردەیە کە مێژوویەکیان لە رق و ناخۆشیی نێوانیان هەیە. 
 
جارفۆرد بێک، رێکخەری یارییەکە بەفەرمی لە تویتەری خۆی رایگەیاند: دوای ئەوەی نامەیەکی هەڕەشەمان پێگەیشت لەلایەن دەستەی هاندەرانی یانەی ناپۆلییەوە، بڕیارماندا یارییەکەی نێوان هاندەرانی ئیتاڵیا و هاندەرانی ئینگلتەرا هەڵبووەشێنینەوە. 
 
دەقی نامەکە کە لەلایەن ئەکاونتێکی نەناسراوەوە بۆ رێکخەری یارییەکە نێردراوە دەڵێت: یەکجار ئاگادارمان کردیتەوە، ئەڵتراسی ناپۆلی بۆت دێن، تۆ ئەم یارییە دادەنێیت بابزانین لە کوێ دەبیت ئەی گەمژە، 60 ئەڵتراسی ناپۆلی لەوێ دەبن و دەکەونە گیانت، ئاگاداربە.
 
رێکخەری یارییەکە دەڵێت: بەنێو نامە ئەلیکترۆنییەکانمدا دەگەڕام و لەناکاو خەریکبوو چاوم لەناو سەرمدا بتەقێتەوە، هیچم بەخەیاڵدا نەهات جگە لەوەی پەیوەندی بە هاوڕێکانمان بکەم لە ئیتاڵیا پێیان بڵێم کە ئاخۆ ئەمە راستە ئایا دەکرێت مەترسی دروستبکەن، ئەوانیش بابەتەکەیان بە رژدی وەرگرت و بڕیارماندا یارییەکە هەڵبووەشێنینەوە.
 
بەرپرسانی ئەمنیی ئیتاڵیا رایانگەیاند کە ناتوانن گرێنتیی سەلامەتی و پاراستنی یارییەکە یاریزانان و یارییەکە بکەن. 
 
پێشبینی دەکرێت بۆ یارییەکەی نێوان ئیتاڵیا و ئینگلتەرا، نزیکەی 2500 هاندەر لە ئینگلتەراوە بچنە شاری ناپۆلی بۆ هاندانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، پێشتر لە یۆرۆی رابردوو کە یاریی کۆتایی لە لەندەن کرا، هاندەرانی ئینگلتەرا هێرشیان کردەسەر هاندەرانی ئیتاڵیا. 
 
هاندەرانی ناپۆلی بە سەرشێت و شەڕانی ناسراون، هەفتەی رابردوو لەگەڵ هاندەرانی ئاینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی بووە بەزمیان، بەهۆی شەڕیشەوە هاندەرێکی یانەی فرانکفۆرتیان کوشت و چەند هاندەرێکی دیکەش برینداربوون.
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە