زیدان بەربژێرە بۆ مەشقدانی گەورەیەکی پرێمەرلیگ


رووداو دیجیتاڵ

زینەدین زیدانی فەرەنسی، یەکێکە لە بەربژێرانی مەشقدانی یانەیەکی گەورە لە پرێمەرلیگ.
 
زیدان لە دوای بەجێهێشتنی مەشقدانی ریال مەدریدەوە لە 2021 تاوەکو ئێستا نەبووەتە راهێنەری هیچ یانەیەک، لە ماوەی رابردوودا باس لە مەشقدانی هەڵبژاردەی فەرەنسا کرا لەلایەن زیزۆوە، بەڵام درێژکردنەوەی گرێبەستی دیدێ دیشان، کۆتایی بەو باسانە هێنا.
 
میدیای ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، زیدان یەکێکە لە پێنج راهێنەری بەربژێر بۆ مەشقدانی یانەی تۆتێنهام و شوێنگرتنەوەی ئانتۆنیۆ کۆنتی، راهێنەری ئەو یانەیە کە دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی لە ئان و ساتدایە.
 
کۆنتی بەهۆی دابەزینی ئاستی تۆتێنهام و پاشەکشەی لە ئەنجامەکان و ئەو قسانەی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا کردی و بەتووندی هێرشیکردە سەر یاریزانان و کارگێڕیی یانەکەی، پێدەچێت دوورخستنەوەی لە مەشقدانی یانەکە زۆر نزیک بێت.
 
میدیای فەرەنسا دەڵێن، گەڕانەوەی ماوریسیۆ پۆچەتینۆی راهێنەری پێشووی یانەکە، نزیکترین ئەگەرە بۆ شوێنگرتنەوەی کۆنتی، پاشئەوەی ئەو راهێنەرە چەندین ساڵ لەگەڵ یانەکەدا کاریکرد و توانی بیگەیەنێتە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2018.
 
میدیای ئینگلتەرا دەڵێن، بەربژێرێکی دیکە بۆ شوێنگرتنەوەی کۆنتی لە مەشقدانی تۆتێنهام، مارکۆ سیلڤای راهێنەری ئێستای یانەی فولهامە کە ئاستێکی باش لەگەڵ یانەکەدا پێشکێشدەکات. ئەمە جیا لە بەربژێربوونی هەریەکە لە زینەدین زیدان و تۆماس توخێلی ئەڵمانی، راهێنەری پێشووی چێڵسی و لویس ئینریکێ، راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا.
 
میدیای ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە کارگێڕیی تۆتێنهام بڕیاری خۆی لەبارەی دوورخستنەوەی کۆنتی لە پۆستەکە یەکلاکردووەتەوە، بەڵام چاوەڕێی گەیشتن بەبڕیاری یەکلاکەرەوەیە لەبارەی ئەو راهێنەرەی کە شوێنی کۆنتی دەگرێتەوە.